ھەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بەرامبەر ھێرشەکەی تورکیا

10.10.2019

لڤین:

لە ڕاگەیەندراوی وڵاتانی عەرەبی بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشە دوژمنکارییەکەی تورکیا دەکەن بۆ سەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا.

پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هیزەکانی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشاندەوە کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، واڵاتانی عەرەبی بە ڕاگەیەندراو ئیدانەی هێرشی تورکیایان کرد بۆ سەر ئەوناوچانە.

لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتدا ھاتووە" ئەم ھێرشە دوژمنکارانە مەترسیدارە، دەستدرێژییەکی قبوڵ نەکراوە بۆ سەر سەروەری دەوڵەتێکی عەرەبی، لەگەل بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان یەک ناگرێتەوە و دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر کاروباری عەرەب".

شانشینی بەحرەین بە توندی ئیدانەی ھێرشە سەربازییەکە دەکات کە دەوڵەتی تورکیا کردوویەتییە سەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا، بەدەستدرێژییەکی قبوڵنەکراو دەژمێردرێت بۆ سەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دەستدرێژی کردنە سەر سەروەری خاکی سوریایە.

ھەروەک چۆن ئەردەن داوا لە تورکیا دەکات دەستبەجێ ھێرشەکانی بۆ سەر سوریا ڕابگرێت، ھەموو کێشەکانی بە گفتوگۆ چارەسەر بکات لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا.

عێراق لەڕێی دکتۆر بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە ھێرشەکەی تورکیای بۆ سەر سوریا ئیدانە کرد( بەرھەم ساڵح لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" ئەم لەشکرکێشییە کارەساتێکی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، گروپە تیرۆرستییەکان بەھێز دەکات، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات یەکگرتوو بن بۆ ڕێگری لەم کارەساتە".

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان داوا لە سەرکردایەتی تورکیا دەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات، ھەستی بەرپرسیاری بنوێنیت بۆ کارکردن لەگەڵ دەوڵەتانی پەیوەندیدار بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ سوریا.

میسڕ بە توندترین شێوە ئیدانەی دوژمنکاریی تورکیا دەکات بۆ سەر زەوی سوریا، وتیشی ئەم ھەنگاوە دەستدرێژییەکی ئاشکرای قبوڵ نەکراوە بۆ سەر سەروەری دەوڵەتێکی عەرەبی برامان، لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی ناگونجێت.

ھەروەھا شانشینی عەرەبی سعودیە ئیدانەی ئەم ھێرشە دوژمنکارییە دەکات کە سوپای تورکیا کردوویەتییە سەر چەند ناوچەیەکی باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا، دەستدرێژییە بۆ سەر یەکگرتوویی و سەربەخۆیی خاکی سوریا.

کوێت دوپاتی کردەوە کردەوە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و داوای پابەندبوون بە بنەما مرۆییەکان و دورکەوتنەوە لە بژاردەی سەربازی دەکات.

ھەروەھا جەزائیریش بێ دەنگ نەبوو لەسەر ئەم ھێرشە سەربازییەی تورکیا و دەڵێت پێویستە سەروەری سوریا و خاک و خەڵکی پارێزراو بێت.

بەو شێوەیە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی دژایەتی خۆیان بۆ بەرامبەر ھێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکوری ڕۆژھەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەربڕی، بەڵام قەتەر تاکە وڵاتی عەرەبییە کە بە فەرمی ڕایگەیاند پشتیوانی لە ھێرشەکەی تورکیا دەکات.

2149 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations