هەولێر؛ 14 لایەنی سیاسی بۆ پشتگیری رۆژئاوا خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن

10.10.2019

لڤین:
دژی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، 14 حزب و لایەنی سیاسی کۆبوونەوەو دواتریش بڕیاریاندا بۆ ئەو مەبەستە رۆژی شەممە لە شاری هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ئه‌حمه‌د شێروانی، سكرتێری كۆمیته‌ی پارێزگای هه‌ولێری حیزبی شیوعی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" لە ئەنجامى کۆبونەوەکەدا هەموو لایەنەکان چەند بڕیارێکمان داوە و رۆژى شەممە سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گردبونه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین و یاداشتێك ده‌ده‌ینه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ناکرێت لە هێرشی رۆژئاوای کوردستان کوردستان بێدەنگ بین کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدەدرێت".

داواشیان لە ‌سه‌رجه‌م لایه‌نگرانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و چین و توێژه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی کرد کە ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی كورد بگەیەننە جیهان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر رایگشتی جیهان دروست بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامى دەدات.

دوێنێ چوارشەممە رەجەب تەیب، ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

735 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations