وردەكاریەكانی هێرشی توركیا لە دەست پێكەوە تا ئێستا

10.10.2019

لڤین: 
دواجار ئەو شەڕەی كە پێنج ساڵە توركیا ئامادەكاری بۆ دەكات، دوێنێ دوانیوەڕۆ لە كاتژمێر 4.10 خولەك بەكاتی رۆژائاوا، بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی دەستی پێكرد.

ئەم شەڕە بە بەشداری زیاتر لە ٨٠ هەزار جاندرمەی توركی و ١٨ هەزار خەلکی بەکرێگیراو دەستی پێكرد، ئەم شەڕە بەدرێژایی سەرجەم سنوری نێوان باكور و رۆژئاوا و لە ١١ بەرەدا تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

هێزە هێرشبەرەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی لە هەر سێ بەرەی سەرێكانی و گرێ سپی و دەربەسپی سنور بببەزێنن، لەهەرسێ بەرەكەدا شكستیان هێناهەرچەندە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا بە گوێرەی سەرچاوە نا فەرمیەكان 5شەرڤان شەهید بوون و نزیكەی 33 شەرڤانیتریش برینداربون  جگە لەوەی كە 21 هاوڵاتیش شەهید و بریندار بوون.

فرۆكە جەنگییەكانی توركیا لەسنورێكی دیاریكراودا هێرشییان كردووە و نەیانتوانیوە هەموو ناوەندەكان هێرشی بكەنە سەر كە پێدەچێت بە دوو هۆكار هێرشەكان بەوشێوەیە بوو بێت یەكەم لەبەر ئەوەی رای گشتی جیهانی كۆنترۆڵ بكەن و دووەمیش ئەوەی لە رێكەوتنی توركیا و ئەمریكادا رێگا بە هێرشێكی سنوردار درابێت. 
ئەمرۆ ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەی تایبەت بە گفتوگۆی هێرشی توركەكان دەكات. كۆبونەوەكە لەسەر خواستی پێنج وڵاتی ئەوروپین كە دوانییان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەكەن. پێنج وڵاتەكەش: بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و پۆڵۆنیا.

لەسەر داوای وڵاتی میسر، ئەمرۆ ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكەی توركیا كۆبونەوە دەكات و عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، هەرچەندە بڕیار بوو ئەمرۆ سەردانی توركیا بكات بەڵام سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە.

لە رووی میدیاییەوە سەرجەم میدیاكانی جیهان بەبایەخەوە باسی ئەو هێرشە دەكەن و جۆرێك لە پشتیوانی و هاوسۆزی كورد بە شێوازی روماڵكردنەكانیشەوە دیارە. 


ئەنجومەنی سیناتی ئەمریكی ئەمرۆ بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاسای سزادانی توركیا لەلایەن هەردوو سیناتۆر لێندسی گراهام (كۆماری) و ڤان هوڵ (دیموكراتەكان) ئامادەكراوە. ئەگەر پرۆژەكە پەسەند بكرێ و ترامپ ڤیتۆی نەكات زیانێكی زۆر گەورەی بۆ توركیا دەبێت.

هیچ وڵاتێكی جیهان پشتیوانی ئەو هێرشەی توركییایان نەكردووە. زۆرینەی وڵاتە بەهێزەكانی جیهانیش دژی ئەو هێرشانە وەستانەوە و ئیدانەیان كرد. لە ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش هەریەكە لە ئێران و میسر، سعودییە، ئوردن، ئیمارات، بەحرەین و سوریا بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی توركیایان كرد، بەڵام عێراق لە رێی راگەیەندراوێكی سەرۆك كۆمارەوە بەشێوەیەكی لاواز دژبونی خۆی راگەیاند و هیچ سەرزەنشتێكی توركیای نەكرد. 

زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەكان، لەوانەش سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپی، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و فینلەندا، سوید بەشێوازی جۆراوجۆر ئیدانەی ئەم هێرشەیان كرد. هاوکات كەنەداش بەتوندی ئەم هێرشەی ئیدانە كرد.

هەندێك وڵات بە بەیاننامە رازی نەبوون و هەندێكییان بانگهێشتی سەفیری توركیا لەوڵاتەكەیان كرد بۆ راگەیاندنی نارازی خۆیان، لەوانەش هۆڵەندا و سوید. فنلەنداش فرۆشتنی چەكی بە توركیا راگرت.

لە رووی میدیاییەوە سەرجەم میدیاكانی جیهان بەبایەخەوە باسی ئەو هێرشە دەكەن و جۆرێك لە پشتیوانی و هاوسۆزی كورد بە شێوازی روماڵكردنەكانیشەوە دیارە. 

لە پەرلەمانی توركیا پەرلەمانتارەكانی هەدەپە توركیا بەداگیركەر دەناسێنن و دژی ئۆپەراسیۆنەكەن، لەبەرامبەردا هەرچوار حیزبەكەی پەرلەمان (ئاكپارتی، جەهەپە، مەهەپە و ئی پارتی) لەبەرامبەر هێرشەكە یەك دەنگ و هاوپشتی ئەردۆگانن.

2254 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations