کۆسرەت رەسوڵ عەلی دەستپێشخەریەک بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسیەکان دەکات

09.10.2019

لڤین:

جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی ڕایگەیاندوە، دەستپێشخەری کۆبوونەوە و میوانداریكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان.

 کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی دەستپێشخەری کۆبوونەوە و میوانداریكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو بە مەبەستی پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان".

دەقی پەیامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی

بەداخەوە سەرباری هۆشداری و ناڕەزایی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەشکرکێشی و پەلاماری بۆ باکوری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، کە سەرباری پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری خاکی سوریا، ژیانی هەزاران مرۆڤی مەدەنی بێدیفاع لەژێر مەترسی تۆپباران و ئاگری شەڕدان.
‎پەنابردن بۆ بژاردەی شەڕ و بەلاوەنانی بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی، کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەخوڵقێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی ناوچەکە و جیهانیش دەخاتە مەترسیەوە و جارێکی تر هەڕەشەی تیرۆر كوچی به لیشاو بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە.
‎داوا لە کۆمەڵگای نێوەوڵەتی دەکەین، چۆن لە جەنگی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا، پشتیوانی گەلی قارەمانی کوردستان بوون، لەم پەلاماردان و لەشکرکێشەیشدا، بێنەدەنگ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگەگرتن لەکارەساتی گەورەی مرۆیی و تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. لەمڕووەوە داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین، لە کۆبوونەوەی چاوەروانکراویاندا گەلەکەمان نائومێد نەکەن و لەبەرژەوەندی ئاشتی و ئاسایشیدا بڕیاربدەن.
‎لەم بارودۆخە ئاڵۆزو مەترسیدارەدا، داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و گەلی کوردستان دەکەم، تەبایی و یەکریزیمان بپارێزین و نێوماڵی کوردستان تۆکمەتر بکەین. هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەر بۆ هاوکاری مرۆیی ئاوارەکان و بەکارهێنانی هەموو کەناڵە پەیوەندییە دیپلۆماتیەکان لە پێناوی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی مەترسیەکان.
‎هەروەها دەستپێشخەری کۆبوونەوە و میوانداریكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخەمەروو و بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکریزی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبوینەوەی مەترسییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان.
‎سەربکەوێ ئاشتی ، نەفرەت لە شەڕ و خوێنڕشتن.
‎کۆسرەت رەسوڵ عەلی
‎جێگری سکرتێری گشتی ی.ن.ک

600 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations