پارتی بەڵێنی هاوكاریی ماددی و مەعنەوی بە هاوپەیمانی داوە

09.10.2019

لڤین:

بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی ڕایگەیاندوە، پارتی بەڵێنی هاوكاریی ماددی و مەعنەویی بەو هاوپەیمانی داوە و نزیكبوونەوەی پارتی لە ئێمە بۆ فشارخستنە سەر كۆمەڵە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی ئاژانس، ئەندامێكی باڵای هاوپەیمانیی نیشتیمانی، كە بە هۆی هەستیاریی ناوخۆی حزبەكەی نەیویستووە ناوی بهێندرێت ڕایگەیاندوە" ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ٧ی ١٠ ی ٢٠١٩ لەگەڵ كاك فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی نزیكترین حزبین لە پارتی دیموكراتی كوردستان".

سەبارەت بە بوونی پەیوەندی پتەوی پارتی لەگەڵ حزبەکەی، ئەو بەرپرسە وتویەتی" پەیوەندیی باشی پارتی و هاوپەیمانی بۆ دوو هۆكار و ڕووداو دەگەڕێتەوە، یەكێكیان پەیوەندیی بە دەستلەكاركێشانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح هەبوو لە هاوپەیمانی، ئێمە بە باشمان زانی لە پارتی نزیك بینەوە، هەروەها پارتیش بۆ فشارخستنە سەر كۆمەڵی ئیسلامیشە، چونكە سەرۆكی ئێستامان پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بووە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە جەماوەری كۆمەڵ كەم بكاتەوە، لە داهاتووشدا پەرەی زیاتر بە پەیوەنددییەكانی نێوانمان دەدەین، تا ئاستی هەماهەنگیی كار بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان".

جیگەی ئاماژە پیدانە پێشتر ئەو زانیارییانە بڵاو كرانەوە كە هاوپەیمانیی نیشتیمانی لە ڕێگەی ئارام قادری سەرۆكییەوە هەوڵی ڕاكێشانی ناڕازییەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان دەدات بۆ ناو هاوپەیمانی.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەکە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ڕایگەیاندوە" لەو كۆبوونەوەیەی كاك فازڵ میرانی و كاك ئارام قادر، پارتی بەڵێنی داوە بە هەموو شێوەیەك لە ڕێگەی حكومەت و حزبەوە هاوكاریی ماددی و مەعنەویی هاوپەیمانی نیشتیمانی بكات".

هەروەها وتویەتی" ئەمجارەش وەك چۆن لە دوو كۆبوونەوەی پێشووش لەگەڵ مەسعود بارزانی دڵنیایی داوەتە پارتی لە داهاتوودا بۆ هەر پڕۆژەیەكی سیاسی و نیشتیمانی حزبەكەی ئامادەیە كاری هاوبەش و ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی بكات، ئەمەش نیگەرانییەكی زۆری لە ناو هاوپەیمانیدا درووست كردووە، چونكە حزبەكەمان بەرەو دووكانێكی سیاسی دەبرێت".

1819 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations