لەبارەی پەراوێزخستنی کورد هۆشداری دەدرێتە ڕاکان جبوری

08.10.2019

لڤین:

لیستی برایەتی كەركوك ڕایانگەیاند، ڕاکان جبوری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک ( زۆربەی کارەکانی دژ بە كوردە و لای ئێمە جێگەی قبوڵ نییە ) پێویستە بە زووترین کات ڕایبگرێت.

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ )، لیستی برایەتی كەركوك لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" لەسەر بەردەوامی لە پەراوێزخستنی پێكهاتەی كورد لە كەركوك چەند رۆژێك بەرلەئێستا لیستی برایەتی نامەیەكی ئاراستەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک كردوە و تێیدا نایاساییبونی كارەكانی خستوەتەڕو، كە زۆربەی دژبە كوردە و لای ئێمە جێگەی قبوڵ نییە، پێویستە بەزوترین كات رایبگرێت".

لە بەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا ئاشکرایان کرد" هەر كەس و لایەنێك، كورد لە پرۆسەی سیاسی وەلا بنێت ئەوا كورد وەڵامی بەجێی دەبێت و یەكێك لەو خاڵانەی باسمان لێكردوە خزمەتگوزاریی ناوچە كوردنشینەكانە كە تائێستا خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا ئەنجام نەدراوە".

دەقی راگەیەنراوەکەی لیستی برایەتییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک:

ئێمەی ئەندامانی لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەتوندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین لەسەر رەفتاری تاکڕەوانەی بەڕێز "راکان سەعید" پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت کە ھەموو کار و رەفتاری دژ بەکوردی کەرکوکە بەگشتی و بەتایبەتی گوندنشینەکان، ھەرجارەی بە بڕوبیانوویەک.

جارێک ھانی عەرەب ئەدات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو" شاری کەرکوک" بەمەبەستی تەعریب کردن، جارێک گەڕانەوەی عەرەبە ھاوردەکان بۆ گوندەکانی سەر بە"داقوق، دبس، سەرگەڕان، لەیلان"، بەمەبەستی گۆڕینی باری دیموگرافیی پارێزگاکە، جارێکی تر وەرگرتنەوەی پۆستە کارگێڕییەکانی کورد لە فەرمانگە گشتییەکان و دیوانی پارێزگا بەناوی تەوازونەوە.

لە رێککەوتی ( ١ / ١٠ / ٢٠١٩ )بێ گوێدانە راوبۆچوونی کورد و داواکارییەکانی لیستی برایەتی کۆنووسێکی مۆرکردووە لەسەر دوورخستنەوەی بەرپرسە کوردەکان کە لێپرسراوی بەشەکان و شوعبەکانی دیوانی پارێزگای کەرکوکن، ئەمەش بەھاوکاری چەند ئەندامێک لە عەرەب و تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.

ئەم جۆرە رەفتارانەی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دژی یاسا و دەستوور و تەوافوقاتی سیاسی و پێکەوەژیانی نەتەوەکانە، دوورخستنەوەی کورد لەپارێزگای کەرکوک دەچێتە خانەی دەمارگیری و بیرکردنەوەی تەسک و بەعەقڵییەتێکی شۆڤینی دەبێتە ھۆی تێکدانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

وا بۆ ماوەی ١٥ ساڵ زیاترە ئێمەی کورد سیاسەتی برایەتی و پێکەوەژیان پەیڕەو دەکەین لەگەڵ ھەموو نەتەوەکان، بەڵام بەداخەوە رەفتارەکانی ئەمدواییەی پارێزگاری بەوەکالەت بەرەو پشێوی و ململانێی نێوان نەتەوەکان دەمانبات، دەبوو پارێزگار بەوەکالەت ھەوڵی ھێنانی کایەی دەرفەتی ھەلی کار و دامەزراندنی گەنجان و پڕۆژەی ستراتیژی بۆ خزمەتگوزاری و نەھێشتنی بێکاری لە پارێزگاکە بدابا، نەوەک سیاسەتی قۆرخکاری لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی پارێزگا پەیڕەو بکات، بۆیە ئێمە بەرپرسیارێتی تێکچوونی بارودۆخەکە ئەخەینە ئەستۆی بەڕێز" راکان سەعید" و تاقمەکەی.

بەمەبەستی ئاگادارکردنەوە و بەبیرھێنانەوەی، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لیستی برایەتی کەرکوک نامەیەکی ئاڕاستەی کرد و تێیدا نایاسایی بوونی کارەکانی خستەڕوو کە زۆرینەی دژ بە کوردە و لای ئێمە جێگەی قبوڵ نییە، پێویستە بەزووترین کات رایبگرێت، وە یەکێک لەو خاڵانەی کە باسمان لێوەکرد خزمەتگوزاریی ناوچە کوردنشینەکانە.

بەواژووی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و بەمەرج رەزامەندیمان لەسەر پڕۆژەکانی بودجەی ٢٠١٩ی پارێزگای کەرکوک دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاری لەو ناوچانە ئەنجام نەدراوە وەکو"قەرەھەنجیر، لەیلان، شوان، پردێ، دبس، سەرگەڕان"، ئەم رەفتارانە وامان لێ دەکات لە واژووەکانمان پاشگەزببینەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی کاری نایاسایی لە راپەڕاندنی پڕۆژەکان.

بۆیە لێرەوە ئاگاداری دەکەینەوە بە دروستی و مەنتیق و برایەتی و پێکەوەژیان کاربات و رێز لە ئیرادەی نەتەوەی کورد بگرێت کە زۆرینەی پارێزگای کەرکوک پێکدەھێنێت، نابێت و ناکرێت گوێی لێ نەگیرێت و پەراوێزبکرێت، ھەرکەس و لایەنێک کورد وەلاوە بنێت لە پڕۆسەی سیاسییدا، ئەوان کورد وەڵامی بەجێی خۆی دەبێت.

620 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations