ئەڵمانیا چالاکانی سیاسی کورد ناچار دەکات بەڵگەکانی باڵوێزخانەی ئێران واژۆ بکەن

07.10.2019

لڤین:

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا چالاکانی سیاسی کورد و ئەو پەناخوازانەی کە داوای پەنابەریەتییەکەیانی ڕەد کردووەتەوە ناچار دەکات کە سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن بەڵگەکانی باڵوێزخانەیان پێ دەدات هەتا واژۆی بکەن.

لە هەواڵێکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو ڕایگەیاندوە" بە پێی ئەو بەڵگانەی کە دەست هەنگاو کەوتووە، حکوومەتی ئەڵمانیا ئەو پەناخوازانەی کە داواکەیانی ڕەد کردووەتەوە ناچار دەکات سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکەن و ئەگەر ئەو کارە نەکەن، گوشیاریان دەخاتە سەر و بەڵگەکانی باڵوێزخانەیان پێ دەدەن کە واژۆی لە سەر بکەن".

لە بەشیکی تری هەواڵەکەدا هاتووە" ئیدریس ڕەحمانی چالاکێکی سیاسییە و یەکێک لەو پەناخوازانەیە کە دوو ساڵ پێش چووەتە ئاڵمان و داوای پەنابەرییەکەی ڕەد کراوەتەوە".

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە" بنەماڵەی ئیدریس کە خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانن، ماوەی ٣٨ ساڵە ئاوارە بوون و لە عێراق ژیاون".

هەروەها ئەوەیش هاتووە ئیدارەی پەنابەری ئەڵمانیا" یەک مانگ مۆڵەتی بە ئیدریس داوە هەتا سەردانی باڵوێزخانەی ئێران بکات و و لەوێوە پاسپۆرتی بۆ دابین بکەن هەتا بیگەڕێننەوە بۆ ئێران. دوای ئەوەی کە ئیدریس حازر نەبووە ئەو کارە بکات، حکوومەتی ئاڵمان ئەو بڕە پارەی کە مانگانە وەکوو هاوکاری بە پەناخوازانی دەدات لە ناوبراو بڕیوە و بەڵگەکانی باڵوێزخانەی ئێرانیان پێداوە کە واژۆی لە سەر بکات".

سەبارەت بەو چالاکە ڕێکخراوەکە ڕونی کردوەتەوە" هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو چالاکە سیاسییە بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە ناوبراو ٢٧ ساڵ پێش لە کەمپی ڕۆمادی عێراق لە دایک بووە و قەد لە ئێران نەژیاوە".

جێگای ئاماژەیە کە ئیدریس ڕەحمانی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ن و ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە ئەوا ژیانی بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە" دوای پەیگیرییەکانی هەنگاو دەرکەوت کە کەیسێکی دیکەی هاوشێوەش هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە بیانەوێ ئەو بەڵگانە بە چالاکانی دیکەش کە وڵامی ڕەدیان وەرگرتووەتەوە، پڕ بکەنەوە".

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

 

 

676 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations