نازم ده‌باغ: مانەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە

07.10.2019

لڤین:

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران رایدەگەیەنێت" من پێم وایە مانەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە و دەشڵێت"  من پێم وانیە ئێران دەستی لەپشت ئەم خۆپیشاندانانەوە هەبێت".

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران دەشڵێت" بەبۆچونی خۆم ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستای عیراق دەرئەنجامە، دەرئەنجامی ئەوەی کە حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عیراق نەیانتوانیووە داواکاری خەڵکی عیراق جێ بەجێ بکەن بۆیە هیچ کەس ناتوانێت بڵێت داواکاری خۆپیشاندەران ڕەوا نیە، من پێم وانیە ئێران دەستی لەپشت ئەم خۆپیشاندانانەوە هەبێت، چونکە دروستبوونی نا ئارامی لەناوچەکەدا لەم کاتەدا ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆماری ئیسڵامی ئێران دەبێت، ئارامی عیراق، ئارامی ئێرانە وە بەپێچەوانەشەوە".

دەباغ دەشڵێت" کومەتی ئێران لەگەڵ ئەوەنیە نائارامی دروست ببێت واتە لەجیاتی لەپشتی خۆپیشاندەران بێت بۆ ئەم بارودۆخەی کەهەیە پێچەوانەکەی ڕاستە، چونکە حکومەتی عیراقی بەرهەمی ئەو هەوڵانەیە کەدرا بۆ پێکهێنانی حکومەت ئێستا بەرژەوەندی کێی تێدایە کە ئەم حکومەتە بڕوخێت؟ تەنها بەرژەوەندی ئەوانەی تێدایە کەنایانەوێت جارێکی تر عیراق ببێتەوە پێشەوا بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم سیاسەتەی سەرۆکی ئەمریکا پەیڕەوی دەکات کەدەڵێت، پارەم بدەرێ بەرگریت لێبکەم، دەکرێت ڕەوابێت لەڕووی ستراتیژیەت و ئایندەدا؟"

نازم دەباغ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە،" بەبڕوای من کلیلی چارەسەر لەدەستی سەرکردە عیراقیەکان خۆیاندایە، جا ئەو سەرکردانە هەریەکەی خۆی دەبەستێتەوە بەیەکێکەوە، یەکێک خۆی دەبەستێتەوە بە ئێران یا ئەمریکا، یا تورکیا، واتە بەڕاستی کلیلی چارەسەرەکە لەدەست خۆمانە، جا هەرکەس پەیوەندیدار بێت بە چ بیروباوەڕێکەوە زیاتر لەخزمەتی ئەو کەناڵە دەبێت ."

نازم دەباغ ئەوەشی وت" دەبێت کورد لەم کاتەدا وریا بێت، چونکە لەڕابردوودا هەر ڕاپەڕین و خۆپیشاندانێک کرابێت لەبەغداد لەسەردەمی ڕوخانی پادشایەتی تا ئێستا کە کورد بەشداربووە بەڵام کامیان توانیویانە بەپێێ ئەو بەرنامەیەی کە دانرابوو پێشتر داواکارییەکانی کورد جێ بەجێ بکات؟ بۆیە دەبێت ئێمە ئەزمون وەربگرین کێ بەهێزە وە کێ دەتوانێت ئاسایشی عیراق بپارێزێت وە کێ دەتوانێت بەپێی دەستوری عیراقی مافەکانی کورد دابین بکات ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەو خەتە بین وە وریا بین بەزویی نەکەوینە ئەو پڕۆژانەوە کەهەم ئایندەی کورد دەخاتە مەترسیەوە وە هەم ئایندەی عیراقیش بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەبات، بیرمان نەچێت ئەزمونی سوریا چۆن بوو کە چۆن بۆ هەڵخەڵەتاندنی کورد سەرۆکی ئەنجومەنیان کورد دانا دواتر گۆڕییان بە "مەسیحیەک".

235 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations