دەرمانەکانی دژەقەڵەوی

05.10.2019

لڤین: لەپەڕەی فەرمی ( دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان ) وەرگیراوە

دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان ڕایگەیاندوە، گۆڕینی شێوازی ژیان و رێکخستنی ژەمەکانی رۆژانە، زیادکردنی جوڵە و وەرزشکردن، کاریگەریی باشی لەسەر دابەزاندنی کێشی لەش و چارەسەکردنی قەڵەوی هەیە، کە بە تەندروستترین رێگا دادەنرێت بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.

 

دەرمانەکانی دژەقەڵەوی
قەڵەوی بووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم زانستی پزیشکیدا، چونکە یەکێکە لە هۆکارەکانی هەندێک نەخۆشیی وەک نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەپەستانی خوێن، بەرزی چەوریی خوێن، نەخۆشییەکانی رۆماتیزم و هەوکردنی ئێسک و جومگەکان، نەخۆشییەکانی جگەر و مۆمبوونی جگەر و بەردی زراو.
گۆڕینی شێوازی ژیان و رێکخستنی ژەمەکانی رۆژانە، زیادکردنی جوڵە و وەرزشکردن، کاریگەریی باشی لەسەر دابەزاندنی کێشی لەش و چارەسەکردنی قەڵەوی هەیە، کە بە تەندروستترین رێگا دادەنرێت بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.
بەڵام کاتێک گۆڕینی شێوازی ژیان و رێکخستنی خۆراک کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر دابەزاندنی کێشی لەش یان تێکڕای هاوکۆلکەی بارستایی لەش لە ٣٠ کگم \ م٢ زیاتربێت و نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و دڵ هەبن، بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی بییر لە رێگای دیکە وەک دەستوەردانی دەرمانزانی دەکرێتەوە، چونکە زۆر دەرمان هەن کە بەشێوەیەکی باش کاریگەرییان لەسەر زیندەکرداری چەورییەکان، ئارەزووی خواردن و رێکخستنی هۆڕمۆنەکان هەیە.
دەبێت ئەو راستییە بگووترێت کە دەستوەردانی دەرمانزانی بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی سەرکەوتنی ماوەدرێژی نابێت، دوای راگرتنی دەرمانەکان و نەمانی کاریگەرییان، جارێکی دیکە بەکارهێنەر کێشی لەشی زیاددەبێتەوە، بۆیە دەرمانەکانی دژەقەڵەوی جێگرەوەی رێکخستنی خۆراک، جوڵەی زۆر و وەرزشکردن نین، بەڵکو دەرمانەکان یاریدەدەرن بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.
لە رابردوودا لەلایەن دامەزراوە گەورەکانی تایبەت بە دەرمان، زۆر دەرمان بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکراون، بەڵام بەهۆی خراپی باری سەلامەتییان قەدەغەکراون و لە بازاڕەکانی دەرمان کشێندراونەتەوە، لە دیارترین ئەو دەرمانانەش، وەک (سیبوترامین، ریمۆنابانت و ئەمفیتامین) کە دەبنەهۆی تێکچوونی باری دەروونی و فرمانەکانی دڵ.
لە راستیدا ئەو دەرمانانە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش کاریگەربوون، کاریگەرییان بەشێوەیەک بوو کە هەرگیز دەرمانێکی پەسەندکراوی وەک (ئۆرلیستات) ناتوانێت وەک ئەوان کاریگەریی هەبێت، چ لەرووی خێرایی و چ لەرووی بڕی دابەزاندنی کێشی لەش.
لە ساڵی ١٩٩٠ دەرمانەکانی فینفلوڕامین و دێکسفینفلورامین (Fenfluramine & Dexfenfluramine) لە بازاڕی دەرمان کشێندرانەوە، بەهۆی ئەوەی دەبوونەهۆی شکاندن و تێکدانی زمانەکانی دڵ (Heart Valve damage)
هەروەها لە ساڵی ۲۰۰۰ دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی (EMA) بەهۆی زۆری کاریگەریی لاوەکییان و تێکدانی باری دەروونیی بەکارهێنەر، سێ جۆری دەرمانی دژەقەڵەوی لە بازاڕی دەرمان کشاندەوە و قەدەغەی فرۆشتن و بەکارهێنانی کردن، بە ناوەکانی;
۱_فێنتێرمین _ Phentermin
۲_دایئەتیلپڕۆپیۆن _ Diethylpropion
۳_مازیندۆڵ _Mazindol
هەروەها دەرمانێکی دیکە بە ناوی (ریمۆنابانت _Remonabant) کە وەرگری ماددەی کەنەبینەکانی (CB1 Receptor) لە سیستمی دەمار کپدەکرد، تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ٥٦ وڵات بەکاردەهێنرا، بەڵام ئەو دەرمانەش هەرگیز بۆ دابەزاندنی کێش لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمان ئەمریکی (FDA) پەسەندنەکرا، لەکاتێکدا بۆ دابەزاندنی کێشی لەش کاریگەربوو بەڵام سەلامەتنەبوو، مەترسیی نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و بییر و هەڵسوکەوتی خۆکوشتنی زیاددەکرد، تا دواجار لە ساڵی ٢٠٠٩ لە بازاڕەکانی ئەوروپا قەدەغەکرا و کشێندرایەوە.
دەرمانی سیبوترامین (Sibutramine)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی کەپسول، بە هێزی (٥ مگم، ۱۰ مگم، ۱٥ مگم)، لەژێر ناوی بڕاندی ریدەکتیل (Reductil) لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا، سیبوترامین بە یەکێک لە کاریگەرترین، خێراترین و پڕفرۆشترین دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشی لەش دادەنرا، کا تا چەند ساڵێک دوای پەسەندکردنی هیچ راپۆرتێکی کاریگەریی لاوەکی و چاودێریی بازاڕی لەسەر نەبوو.
دەرمانی ئۆرلیستات، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی کەپسول، بە هێزی (١٢٠ مگم)، لەژێر ناوی بڕاندی زێنیکاڵ (Xenical) لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا، ئۆرلیستات بە یەکێک لە سەلامەتترین و پڕفرۆشترین دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشی لەش دادەنرێت، کە سەلامەتە لەسەر کۆئەندامی سوڕان و دڵ.
تا ساڵی ٢٠٠٩ تەنها دەرمانی ئۆرلیستات و سیبوترامین (Orlistat & Sibutramine) پەسەندکراوبوون بۆ دابەزاندنی کێشی لەش، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ دەرمانی سیبوترامین کە بەفراوانی بەکاردەهات، لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) قەدەغەکرا و لەبازاڕەکانی دەرمان کشێندرایەوە، لەبەرئەوەی دەبووەهۆی روودانی جەڵتەی دڵ و مێشک، بۆیە لە بازاڕی دەرمان لە دەرمانەکانی دژەقەڵەوی تەنها ئۆرلیستات مایەوە.
بەڵام ئەو تاقانەبوون و لەخۆباییبوونەی دەرمانی ئۆرلیستات (Orlistat) لە بازاڕی دەرمان زۆری نەخایاند، لە فێبریوەری ٢٠١١ یەکگرتنی دوو دەرمانی (ناڵتریگزۆن/بوپڕۆپیۆن _Naltrexone/Bupropion)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی حەب، بە هێزی (۸ مگم / ۹۰ مگم)، لەژێر ناوی بڕاندی (Contrave) لەلایەن لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پسەندکرا.
تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٢ تەنها دوو دەرمانی دژەقەڵەوی لە بازاڕەکانی دەرمان پەسەندکراوبوون، بەڵام دوای ئەوە لە بەرواری ٢٧\ ٦\٢٠١٢ دەرمانی لۆرکاسێرین (Lorcaserin)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی حەب، بە هێزی (۱۰ مگم)، لە ژێر ناوی بڕاندی (Belviq) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پەسەندکرا، هەروەها لە ١٩\ ٧\٢٠١٦ دەرمانی لۆرکاسێرین (Lorcaserin)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی حەبی هێواش بەڕەڵابوو، بە هێزی (۲۰ مگم)، لەژێر ناوی بڕاندی (Belviq XR) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکرا.
هەروەها لە بەرواری ٢٧\٧\٢٠١٢ یەکگرتنی دوو دەرمانی (فێنتیرمین/تۆپیڕامەیت _Phentermin/Topiramate)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی کەپسول، بە هێزی
(۳.۷٥ مگم / ۲۳ مگم)
(۷.٥ مگم / ٤٦ مگم)
(۱۱.۲٥ مگم / ٦۹ مگم)
(۱٥ مگم / ۹۲ مگم)
لەژێر ناوی بڕاندی (Qsymia) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکرا.
پڕۆسەی پەسەندکردنی دەرمانەکانی دژەقەڵەوی بەردەوامبوو، تا لە بەرواری ٢٣\١٢\٢٠١٤ دەرمانی لیراگلوتاید (Liraglutaide)، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازیی دەرزیی قەڵەم، بە هێزی (٦ مگم / ۳ مل)، لەژێر ناوی بڕاندی (Saxenda) بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکرا.
پەسەندکردنی دەرمان بەگشتی، پێویستی بە چەسپاندنی کاریگەری و سەلامەتی هەیە، دەرمانەکانی دژەقەڵەوی پەسەندناکرێن ئەگەر کاریگەر و سەلامەت نەبن، لیژنەکانی پەسەندکردن و رێکخستنی دەرمان زۆر توندن، کۆمەڵێک ستاندارد و پێودانگ و پاڕامێتەری بەهێزیان هەیە، دەیکەنە کۆتوبەند و دەیخەنە سەر ملی کارگەکان و ناوەندەکانی دۆزینەوەی دەرمان، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا دوای چەند قۆناغێک، چەندان توێژینەوە و بەڵگەی بەهێز و ئەزموونی ئینجا بڕیاری پەسەندکردنی دەرمان دەدەن.
بەداخەوە لەسەرانسەری دنیادا گەلێک بەرهەم بەناوی بەرهەمی سروشتی، ماددەی وزەبەخش یان خواردنەوەی گازییەکان، لە ئینتەرنێت ریکلام و پڕوپاگەندەی نازانستیی زۆریان بۆ دەکرێت، لە بانگەشەکانیان وێنای بەرهەمەکانیان بەشێوەیەک دەکەن کە بەخێرایی کێش دادەبەزێنن و سروشتین و کاریگەریی لاوەکیان نییە، لەکاتێکدا ئەگەر بەرهەمەکان کاریگەریش بن لە دابەزاندنی کێش، گومانی بوونی ماددەی قەدەغەکراوی هاوشێوەی سیبوترامین و ئەمفیتامین و فینفلوڕامین و فینۆڵفتالین و DMAA یان لێدەکرێت.
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) لە ئەمریکا و دامەزراوەی دەرمانی ئەورووپا EMA بەردەوام راپۆرتی شیکاریی و تاقیگەییان لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمانە داوە، کە بوونی کۆمەڵێک ماددەی وەک سیبوتڕامین و فێنۆڵفتالین و DMAA لەو بەرهەمانەدا پشتڕاستکراوەتەوە، لەکاتێکدا بەرهەمەکان بانگەشەی سروشتیبوون و سەلامەتییان بۆ دەکرا.
یەکێک لە بەرهەمەکان بەناوی (AB SLIM) بەردەوام لە ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی بۆ دەکرا، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) لە (٢٠\٦\٢٠١٨) هۆشداری لە فرۆشتن و بەکارهێنانی بەرهەمەکە درا، چونکە بەپێی ئەنجامە شیکارییەکان چەندین ماددەی زیانبەخش و قەدەغەکراوی تێدابوو کە مەترسیی لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر جێدەهێڵن، لەوانە ماددەکانی;
سیبوتڕامین_Sibutramine
فینۆڵفتالین_Phenolphtalein
سێڵدینافیل_Sildenafil
ماددەی سیبوتڕامین دەبێتەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و تێکدانی باری دەروونیی بەکارهێنەر، سیبوتڕامین لە ساڵی ۲۰۱۰ ەوە قەدەغەکراوە.
ماددەی فینۆڵفتالین دەبێتەهۆی شێرپەنجە، لە ئێستادا تەنها لە تاقیگە بۆ دیاریکردنی ترشیێتیی و تفتیێتیی گیراوەکان کاریپێدەکرێت، پێشتر لە ساڵانی شەستەکان لەلایەن 
دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) وەک (رەوانکەر _ Laxative) بۆ چارەسەرکردنی قەبزی پەسەندکرابوو، بەڵام لە ساڵی ۱۹۹۷ FDA قەدەغەیکرد بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێت چونکە دەبێتەهۆی شێرپەنجە.
لە راپۆرتێکی دیکەدا لە مانگی ئابی ٢٠١٨ دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) داوایکرد بەهیچ جۆرێک نابێت هیچ بەرهەمێکی خۆراکی ماددەی (DMAA) ی تێدابێت، ئەو راپۆرتە لەکاتێک دا بوو کە ئەو ماددەیە لەناو بەرهەمانە دەکرا کە وەرزشەوانان و قەڵەوەکان بەکاریاندەهێنا، هۆکاری قەدەغەکردنی ئەو ماددەیە ئەوەیە باری دەروونی و فرمانەکانی دڵی بەکارهێنەر تێکدەدات، ماددەی DMAA (Dimethyl amyl amine) جۆرێکی وەرگیراوی ماددەی ئەمفیتامینەکانە، ئاگایی و وزە زۆر زیاددەکات، وەرزشەوانان و سەماکەرەکان بەکاریدەهێن، لە پێشتردا بۆ گیرانی لووت و نەخۆشیی ماخۆلان (ADHD) بەکاردەهات.
زۆرێک لەو بەرهەمانەی ریکلامیان بۆ دەکرێت کە سروشتین و بەخێرایی کێش دادەبەزێنن، بە ئەگەرێکی زۆر یەکێک لە ماددە قەدەغەکراوەکانی تێدایە، کە لە ئەگەری بەکارهێنانیان مەترسیی لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر دروستدەکەن.

1326 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations