پۆلیسی هەولێر: لە 32 تاواندا 55 كەس دەستگیر كراون

05.10.2019

لڤین: 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا پۆلیسی هەولێر لە 32 تاوانی جیاوازدا 55 تاوانباری دەستگیر كردووە و رادەستی دادگای كردووە و بەڕێوەبەری پۆلیسیش دەڵێت تاوانی رێكخراو ئەنجام نەدراوە لەو ماوەیەدا. 

 عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە دڵنیایی دەدەین بە خەڵكی هەولێر كە ئاسایشیان پارێزراوە. 

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 32 لە تاواندا 55 تاوانبار دەستگیر كراوە، تاوانەكانیش تاوانی جیاوازن كە مادەی هۆشبەر و دزی كردن و ساختەكاری و كوشتن دەگرێتەوە. 

بەڕێوەبەری پۆلیس رونیكردەوە، بارودۆخی عێراق هۆكارێكی سەرەكیە بۆ بازرگانی كردن و بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەكان، كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان پێویستیەكی حەتمیە وەكو حكومەتی هەرێم كارێكی جدی لەو بارەیەوە دەكەین و دوژمنانمان لە هەوڵدان لەو رووەوە كێشەیان بۆ دروست بكەن. 

ناوبراو وتیشی: زۆرینەی ئەو كەسانەی كاری مادەی هۆشبەر دەكەن لە كافیتریاكانن و بۆ ئەوەش پێویستە زۆرتر و بەشێوەیەكی باشتر چاودێری ئەو كافیتریایانە بكەین.

عەبدولخاڵق تەڵعەت وتیشی: لە 6 تاوانی كوشتن لە شاری هەولێر 8 تاوانبارە دەستگیر كراون بە مادەكانی 406 و 405 دراونەتە دادگا، زۆرینەی زۆری كوشتنەكانیش لەسەر كێشە كۆمەڵایەتیەكان و ئافرەت و پارەیە و لە ماوەی مانگی رابردوو تاوانی رێكخراو نەبووە. 

بەڕێوەبەری پۆلیس رونیشی كردەوە، لە مەسەلی دزیدا لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا 20 تاوانی دزی كراوە كە 33 تاوانباری تیادا دەستگیر كراوە. 

عەبدولخالق تەڵعەت، لە ئەنجامی ساختەكاریش لە دوو تاواندا 3 تاوانبار دەستگیر كراوە و ساختەكردن بابەتێكی مەترسیدارە و كێشەی گەورە دروست دەكات. 

118 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations