هۆشداری دەردێتە فەرمانبەرانی هەرێم

02.10.2019

لڤین:

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند،  فەرمانبەران دەبێ پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکە مامەڵەیان پێ بکەن یان لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی سۆشیال میدیا بڵاوبکرێنەوە.

ئه‌مڕۆ ( چوار شه‌ممه‌، ٢ ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩)، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی کابینەی نۆیەم کۆبوونەوەی ئاسای خۆی ئەنجامدا، پاش کۆتای هاتنی کۆبوونەوە ڕاگەیەنراوێک بڵاو کرایەوە.

لە ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتوە" لە سەرەتادا جەختکرایەوە لە سەر ئەوەی فەرمانبەران دەبێ پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکە مامەڵەیان پێ بکەن یان لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی سۆشیال میدیا بڵاوبکرێنەوە، ئەمەش لە ماددەی ( ٥ ) ی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ( ١٤ )ی ساڵی ( ١٩٩١ ) هەموارکراودا وەك ئەرکێکی فەرمانبەرایەتی هاتووە".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی قەرز و پابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. کە  د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتێکی وردی پڕ زانیاری و داتای پێشکەش کرد و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا".

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە"  ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی سکرتێری ئەنجوومەنی کرد بۆ ئەرک و ماندووبوونی لە ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەدا. کە گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو قەرزانە و میکانیزمی پاکتاوکردنیان کرا، هەندێک لەو قەرزانەش دەکەونە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی و لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوولا یەکلادەکرێنەوە".

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە" ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لە بارەی پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی گشت زانکۆ حکومییەکانی سەربە وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی ( ٢٠١٥ - ٢٠١٦ ). لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزیری دارایی وئابووری و  خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بەخشتەیەک پۆلێنکردنی یەکەمەکان بە پێی پسپۆڕی و پێویستی ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە بدرێت".

11946 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations