قادر عه‌زیز: هۆكاری دانه‌نانی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ته‌نها پارتیه‌

01.10.2019

لڤین:
ئه‌ندامێکی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هۆکاری دەست بەکارنەبوونی کاندیدی پارێزگاری کەرکوک تەنها پارتیه‌ کەس کێشەی نیە تەنها پارتیە ڕێککەوتنەکان جێ بەجێ ناکات.

قادر عه‌زیز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژەی بەوەکردوە، قوباد تاڵه‌بانی به‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتووه‌ كه‌ نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك پێویست نه‌داوه‌تێ، ده‌شڵێت: یه‌ك لیستی هێزه‌ كوردستانیه‌كان مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی كورده‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌نده‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكان ده‌خاته‌ سه‌روبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت" پارتی ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات و هۆکاری دەست بەکارنەبوونی کاندیدی پارێزگاری کەرکوک تەنها پارتیە بەداخەوە ئەمە ئاماژەیەکی خراپە و بۆ خۆیان زیان دەکەن ئەگەر وابێت لەمەودوا هیچ متمانەیەک بە ڕێککەوتنەکان نامێنێت وە یەکێتیش دەبێت بڕیاری خۆی بدات ئه‌گه‌ر پارتى پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت ، چونکە یەکێتی لەسەر بنەمای ئه‌و ڕێککەوتنانە بەشداری لەحکومەت کردووە نەک لەسەر بنەمای تر".

وتیشی"سەرۆکی حکومەت خەریکە چەندین یاریدەدەر بۆ خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر حسابی یەکێتی و گۆڕان، بەڕاستی یەکێتی و گۆڕان نیگەرانن لەم هەڵسوکەوتە وە پێمان باشە بۆ ئەوە "میسداقیەته‌" لەنێوانماندا بمێنێت بۆ ئایندەش ئێمە پابەندی ڕێککەوتنەکان بین، ئه‌و ڕێککەوتنانەی حکومەتی لەسەر دامەزراوە، ئەو ڕێککەوتنەی پارێزگاری کەرکوک، پارتی پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت، وە حەزدەکەم بزانی بەشداری یەکێتی لەحکومەت لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنانەیە".

قادر عەزیز، لە دیدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە" سیاسەتەکانی پارتی وایە سەرەتا هەتا ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان دەکات هەموو نەرمونیانیەک دەنوێنێت، هەموو ئامادەکارییەک نیشان دەدات، بەڵام دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکان دەکرێت و ئیشەکانی خۆی جێ بەجێ دەکرێت پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نابێت کە لەگەڵ لایەنەکانی کردووە واتە ئامادە نابێت مافی بەرامبەرەکەی بدات ئەمە سیاسەتێکی خراپە، ئەمە بۆ "سومعەی" خۆیان خراپە نابێت پارتی حیزبێکی سەرەکیە لەکوردستان بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ ڕێککەوتنەکاندا بکات. ئەگەر وا بڕوات جارێکی تر یەکێتی متمانە ناکاتەوە بەپارتی بۆ ڕێککەوتن".

سەبارەت بەوەی کە قوباد تاڵەبانی لە نیگەرانییەکانی لە حکومەت ئاگاداریکردوونەتەوە وتیشی: بەڵێ، پێی وتوین و نەیشاردۆتەوە کە تا ئێستا وەک پێویست دەسەڵاتەکانى نەدراوەتێ، "کاک قوباد" ئه‌مه‌ی به‌ بەمەکتەبی سیاسی وتووە و مەکتەبی سیاسی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات وە بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەکی خراپە، وە یەکێتی ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت، ئەگەر خەڵکەکەی دەسەڵاتی نەبێت لەناو حکومەت کەواتە یەکێتی چی دەکات لەناو حکومەت".

571 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations