عەبدولستار مەجید: هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرلەمانە لەلایەن حکومەت و حزبەوە

30.09.2019

لڤین:
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێگەدان بە جیابوونەوەی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەی خۆی و چوونە پاڵ فراکسیۆنێکی دیکە، مەترسییەکی جدییە و (پیلان)ـێکیشە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە بۆ کڕینی وەلائو سەفەقاتی ژێربەژێر. و دەشڵێت"هه‌مواری یه‌كه‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بەوشێوەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان لەلایەن حکومەت و لەسەرو ئەویشەوە حزب".

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لە  نوسینێكدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە بەناوی (چی دەگوزەرێت؟!) بڵاویکردوەتەوە دەڵێت"وەک دەزانن ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەو شێوەی هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەجێندای هێزێکی سیاسیی دیاریکراو، هەموارکرایەوە و تێپەڕێندرا، کەدوو عورفی زۆر خراپ لەم هەموارەدا سەپێندرا کە بۆ لەمەودوا دەبێتە مەترسیی لەسەر فراکسیۆنەکان و کاری پەرلەمانتاریش".

هەروەها نوسیویەتی: ڕێگەدان بە جیابوونەوەی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەی خۆی و چوونە پاڵ فراکسیۆنێکی دیکە، مەترسییەکی جدییە و (پیلان)ـێکیشە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە بۆ کڕینی وەلائو سەفەقاتی ژێربەژێر و دەشڵێت"دوو عورفی زۆر خراپ لەم هەموارەدا سەپێندرا كە بۆ لەمەودوا دەبێتە مەترسیی لەسەر فراكسیۆنەكان و كاری پەرلەمانتاریش".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت"ئەمە بەتەنها بۆ فراکسیۆنەکان نیە، بەڵکو بێڕێزییەکی تەواوە بە دەنگدەر و ئەوانەی لەبەر بەرنامەی هەڵبژاردنی هێزە سیاسییەکە دەنگیان بەو کاندیدە داوە، چی مەعقولە هەر کە دەنگی هێنا و بووە پەرلەمانتار، ئیتر بۆ بەرژەوەندی شەخسی و ئیمتیازاتی ناشەرعی بەناوی (ئازادی پەرلەمانتار) ەوە لە فراکسیۆنەکەی جیابێتەوە، کە ئەمە پێشینەیەکی زۆر خراپ و مەترسیدارە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا دەرەنجامە خراپەکانی دەبینین".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکردوە" بۆئەوەی پرۆژە یاسایەک بچێنە لیژنەکان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی ڕەهەندی داراییان هەیە و پێویستیان بە پارە هەیە، پێشنیاز و پێداگری ئێمە لەسەر ئەوە بوو کە وەزیری دارایی میوانداری لیژنەی تایبەتمەند بکرێت بۆ وەرگرتنی ڕای حکومەت،بەڵام دیسان بە زۆرینە پەرلەمان بێ ناوەڕۆک و لاوازکرا لەبەردەم حکومەت و ئەوەیان جێبەجێکرد کە بۆ هەر پرۆژەیاسایەک پێشوەختە پرس بە حکومەت بکرێت".

عەبدولستار مەجید دەشڵێت" ئەگەر هەر خوێندنەوەیەک بۆ ئەو پرۆژەیە بکرێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان لەلایەن حکومەت و لەسەرو ئەویشەوە حزب".

190 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations