حەیدەر شەشۆ: لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەشداری بكەین لە هاوپەیمانێتی كوردستانی

30.09.2019

لڤین: 
بەرپرسێكی ئەو سێ هێزە ئێزدیە رایگەیاند ئەوان خواستیانە بەشداری بكەن لە هاوپەیمانێتی لایەنە سیاسیە كوردیەكان و دەیانەوێت دەنگی كوردی لە ناوچ كێشە لەسەرەكان پارچە نەبێت و هێرشیش دەكاتە سەر پەكەكە. 

حەیدەر شەشۆ، سكرتێری پارتی ئێزیدی دیموكرات و بەرپرسی هێزی ئێزیدخان، رایگەیاند  "ئێمە وەك سێ پارتی ئێزیدی بەناوی هاوپەیمانێتی ئێزیدی خۆمان تۆماركرد لە فەرمانگەی لایەنە سیاسیەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بەڵام بە بۆچونی ئێمە باشترە وە لەبەرژەوەندی میللەتی كورد ئەمەیە كە پەیوەندی بكەین بە هاوپەیمانی كوردستانیەوە، هەم وەك كوردی ئێزیدی هەم وەك كوردی موسڵمانیش چونكە قەزیەی ئێمە یەك قەزیەیە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد "من ئێستا لەهەولێرم، لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگفتوگۆدا بووم لەگەڵ لایەنە كوردییەكان سەبارەت بەبەشداری كردنمان بەیەك لیستی هاوبەش لەگەڵ لایەنەكان هەڤاڵانی ئێمە لە دوو لایەنەكەی تر ئاگادارن لەو گفتوگۆیانە تا "ئیشەڵا" بگەینە ڕێككەوتن و بەیەك لیست بەشداربین چونكە دوای بڕیارەكەی كۆمسیۆن، خەڵكی ئێمە" خەڵكی شەنگال" كە لە 70%ی تا ئێستاش لەكەمپدان مافی ئەوەیان نیە دەنگ بدەن بەپێی ئەو بڕیارە لەبەر ئەوە كاریگەری زۆرە لەبەرژەوەندی گەلی كورد و ئێزیدی نیە كە ئەو هەموو دەنگە بڕوات بۆیە ئێمە دەخوازین لە هەر سێ-چوار پارێزگای ناوچە جێناكۆكەكان بەیەك لیست بەشداری لەهەڵبژاردنەكان بكەین".

شەشۆ نەیشاردەوە كەخواستیان هەیە بۆ یەك لیستی و ئەوەش بە كەموكورتی لایەنە كوردستانیەكان دەزانێت "ئەوە كەموكوڕی لیستی كوردستانیە كەهەتا دوو ڕۆژ لەمەوبەر هیچ پەیوەندییەكیان بە ئێمەوە نەكردووە وەك حیزبە كوردستانیەكان و حیزبە ئێزیدییەكان لەكاتێكدا پەیوەندی بەهەموو لایەنە كوردستانیەكانەوە كراوە".

لە بارەی داخوازیەكانیان لە لیستە هاوبەشەكە سكرتێری پارتی ئێزدی دیموكرات ڕایگەیاند "ئێمە نەداوای سەرۆكایەتی لیست نە هیچ ڕێژەیەكی كورسیمان نەكردووە چونكە ئێمە هیچ ئیشكالیەتمان لەسەر ئەوە نیە، داخوازی ئێمە ئەوەیە دەنگی كورد پەرت نەبێت ئێمە هیوادارین كورد دەنگی زۆر بهێنێت و بەشداربین لەو هاوپەیمانێتیەدا، بۆ ڕێژەیەكیش داوای ئەوەمان كردووە كێ دەنگی هێنا بەدەنگی خۆی بچێتە ئەنجومەنی پارێزگا بەڵام خەڵكی ئەو ناوچەیە لە ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بێ بەش نەبێت".

ئەو لەو دیدارەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا هێرشی كردە سەر پارتی كرێكارانی كوردستان و وتی "پەكەكە وەك میوانیش نین بەڕاستی ئەگەر میوان بووایە ڕێزی دەگرت، بەس میوانیش نین میوانێكی بارگرانن بۆ خەڵكی شەنگال، بۆیە بەهەر شێوەیەك بێت ئێمە قبوڵی ناكەین شەنگال وەك قەندیل و عەفرینی لێبێت پەكەكە مافی ئەوەی نیە دەست وەربدات یا قسە بكات لەوەی ئێمە لەگەڵ كێ ڕێك دەكەوین و هاوپەیمانی لەگەڵ كێ دەكەین بۆ هەڵبژاردن".

368 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations