گەندەڵی لە پرسی ناموس قورسترە ؟

29.09.2019

لڤین:

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاندوە، پرسی ئیجرائاتی گەندەڵی، بە شەخسی دەکرێت، هەندێک جار دەبەسرێتەوە بە گروپ و تەکەتول یان بە حزبی دەکرێت. تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی دەست بۆ هەندێک پرس دەبرێن، بە زۆن دەکرێت.

دابان محمد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەس بووک لەسەر پرسی گەندەڵی بابەتێکی نوسیوە بە ناونیشانی( گەندەڵی لە پرسی ناموس قورسترە ؟ ).

دەقی نوسینەکە:.

گەندەڵی لە پرسی ناموس قورسترە ؟
نەریتێکی ناشرین خەریکە ڕێگە لە کاری دامەزراوەکان دەگرێت، ڕێگە لە بەگژدا چونەوەی گەندەڵی و سزادانی ئەو کەسانەی لەگەندەڵی گلاون. کار وا بڕوات چاکسازیش بێ سەرئێشە نابێت.
لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی ئەوەمان کرد، لانی کەم ناوی ئەو کەسانە بڵاو بکرێتەوە، لە دۆسییەکانی گەندەڵیەوە گلاون و سزا دراون، یان ئامادەی لێکۆڵینەوە نابن یاخود هەڵهاتوون، بە داخەوە بە بیانوی جۆراوجۆر ، کۆدەنگی لەسەر نەبوو، بەتایبەتی لای بەڕێزانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە بیانووی لایەنی کۆمەڵایەتی و هەندێک جاریش قسەی لاوازیان کردە ڕێگر. ئەم قسانە بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان کرا (( ڕۆژانە دەیان هەواڵ لەسەر کوشتن و خۆکوشتن لەسەر ناموس بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردن و سزادانی کەسێک لەسەر دزی و گەندەڵی باش نەبێت و لێکەوتی کۆمەڵایەتی خراپی هەبێت؟!))
پرسی ئیجرائاتی گەندەڵی، بە شەخسی دەکرێت، هەندێک جار دەبەسرێتەوە بە گروپ و تەکەتول یان بە حزبی دەکرێت. تەنانەت گەیشتۆتە ئەوەی دەست بۆ هەندێک پرس دەبرێن، بە زۆن دەکرێت، واتە ئاشکراکردنی گەندەڵیەک دەبەسترێتەوە بەوەی بۆ لێدانە لە کەسێک یان لێدانە و لاوازکردنی گروپ و تەکەتولێکی دیاریکراوە، یاخود بنەماڵە و گروپی کۆمپانیایەکی دیاریکراو، یانیش بۆ لێدان لە زۆنی زەرد یان سەوز ، کۆی پرۆسەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی بە دوژمنکارانە و بۆ لاواز کردنی ئەویتر تەماشا دەکرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند بەرپرسێک لە هەولێر و سلێمانی لەسەر پرسی گەندەڵی دەستگیرکران. لەوانە (ڕەشید تاهیر) بریکاری وەزیری دارایی پێشوتر، لەسەر چەند کەیسێکی جیاواز چەند کەسێکی تر لە سنوری هەولێر بە نهێنی گیراون، هەروەها (عومەر محەمەد ) سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە گەرمیان و (حسێن ئەحمەد) بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان گیراون، ئەم پرسانە بە بێ بایەخی و بە بێ گرنگی پێدانی ڕایگشتی و میدیای تێپەڕی، لە کاتێکدا زۆربەی میدیاکان خۆیان بە ڕاوکەری دۆسییەکانی گەندەڵی دەزانن (( کەسێک بە تاوانی دزینی ملیۆنان دۆلار بخرێتە زیندانەوە، بە کافەلەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد بکرێت))؟!!!
ئەو دۆخەی پەرلەمانی کوردستانی تێدایە بە هیچ کەسێک ناشاردرێتەوە، بەتایبەت ئەرکی چاودێریکردنی (( لە ئێستادا پەرلەمان لە کۆتایی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی لیژنەیەکدایە، لەسەر گەندەڵیەکانی خۆی))، دەستەی نەزاهە شوێنی ڕاوکردنی چەند کەیسێکی گەندەڵی بچوک و سەفەقاتە لەسەر کەیسە گەورەکانی گەندەڵی (( بە هەزاران دۆسییە لە دەستەکەدان، سەدان دۆسییە ون کراون)) دیوانی چاودێری دارایی شوێنی ئەرشیفکردنی دۆسییەکانە و داواکاری گشتیش دەست و دەم بەستراوە لە ئاستی گەندەڵیدا.

380 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations