ئافەرین پایتەختی رۆشنبیری

27.09.2019

لڤین: لە هەژماری ( سۆران عومەر ) ئەندامی پەرلەمانەوە وەرگیراوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ ڕایگەیاندوە، باشە کێ لەم فەزیحەتانەی پایتەختی رۆشنبیری بەرپرسیارە؟

هەرچەندە بڕیار بوو ئێوارەی ڕۆژی ( پێنچ شەممە، ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٩ )، ئاهەنگێکی گۆرانی بۆ هەردوو خانمە هونەرمەند ( هانی و فرمێسک ) لە شاری سلێمانی لە هۆڵی سپی ساز بکرێت، بەڵام چەند خولەکیک پێش دەست پێکردنی ئاهەنگەکە هەردوو هونەرمەند ڕایانگەیاند ئاهەنگەکە ناکرێت بە هۆی بردنی پارەی بلیتەکانی ئاهەنگەکە لەلایەن کەسێکەوە.

هەردوو خانمە هونەرمەند لە گرتە ڤیدیۆیەکی تایبەتدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت بڵاویانکردووەتەوە سەبارەت بە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەیان دەڵێن: "کەسێک بەناوی ( ز . ڕ ) پارەی بلیتەکانی کۆنسێرتەکەی بردووەو ڕۆیشتووە، ڕووداوێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمە و میوزیکژەن و خەڵکەکە نازانین بەچ شێوەیەک داوای لێبوردن بکەین".

هانی ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ( نیشاد موجته‌هیدی )ە، خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپه‌، له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژی، چه‌ند ڕۆژێكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و زنجیره‌یه‌ك چالاكی ئه‌نجامداوه‌.
فرمێسك، خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپه‌، له‌ ئه‌ورووپا ده‌ژی، چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌ مه‌به‌ستی سازكردنی چه‌ند كارێكی هونه‌ری گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

لەو بارەیەوە سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، لە پەڕەی فەرمی خۆی بابەتێکی بەناونیشانی (  ئافەرین پایتەختی رۆشنبیری ) بڵاو کردەوە.

دەقی نوسراوەکەی سۆران عومەر:.

ئافەرین پایتەختی رۆشنبیری 
ئەم ئێوارە گوایە کۆنسێرتە! بەڵام ناکرێ چونکە وەک دەڵێن کەسێ پارەکەی بردووە!
باشە کێ لەم فەزیحەتانەی پایتەختی رۆشنبیری بەرپرسیارە؟
کێ مافی ئەو ٢٢٤٥ کەسە دەداتەوە کە بلیتیان کڕیوە؟
ئەی سپۆنسەر یانی چی؟ مافی ئەو خەڵکە چۆن پارێزراو دەبێ ھەرکەس ھەستێ و بەکەیفی خۆی بلیت بفرۆشێ و کەس لێی بەرپرسیار نەبێ و بچێتە بەر ھۆڵەکە بڵێن کاکە بچن لەپۆلیس شکات بکەن کۆنسێرت ناکرێ پارەکەتانیان بردووە!
خەڵک پارەی داوە بلیتی کڕیوە یانی چی کۆنسێرت ناکرێ؟
حەق وایە سپۆنسەرو ھەموو ئەوانەی ئەم گەمەیان بەو خەڵکە کردوە دەستگیربکرێن!
٢٢٤٥ كورسی! بلیت بە ٣٥ ھەزار، ٢٥ ھەزار، ١٠ ھەزار ، بەگشتی بەبڕی ٥٠ ملیۆن بلیت فرۆشراوە، لەکاتێکدا سپۆنسەری ئەم کۆنسێرتە کەناڵی نێت تیڤیە!
کۆنسێرتەکە نەکراوە گوایە کەسێک پارەی بلیتە فرۆشراوەکانی بردووە!
کێ بەرپرسە لەم فەزیحە؟ کێ کۆنترۆڵی ئەم کارانە دەکات؟ ئافەرین پایتەختی ڕۆشنبیری ! ئەمە یەک پێناسەی ھەیە ئەویش بێ خاوەنی و بەربەرەڵایی!

1555 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations