مەگەر بەرێوەبەری تەندروستی نازانێ؟

26.09.2019

لڤین: لە هەژماری دکتۆر فایەق گوڵپی وەرگیراوە

رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٩ بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەسەر داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی گرت، لەو کۆنگرەیەدا کەنالەکانی راگەیاندن و خەڵکی کوردستانی لەمەر بریاری داخستنی نەخۆشخانەکە بەهەڵەدابرد.

١.دەربارەی بریاری داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەڵیت:دوێنی گفتوگۆ دەربارەی خزمەتگوزاریەکان کراوە، پێشنیارکراوە جۆری خزمەتگوزاریەکان بگۆردرین بە شێوەیەک خزمەتی زیاتری خەڵک بکەن.

ئەو قسانەی بەرێوەبەر راست نین، راستی ئەوەیە بەریوەبەر لەو کۆبونەوەیەدا (٢٤-٩)بریاری داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یەکلاکردەوە، کە من وتم بۆچی لە سلێمانی یەک نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەبێت و لە هەولێر سێ نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەبێت،وەڵامی دامەوە وتی: وەزیری تەندروستی بریاریداوە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەولێریش دابخات، تەنها یەک نەخۆشخانەیان دەهێڵیتەوە.

لە بەریوەبەری تەندروستی بە وەکالەت دەپرسم؟ ئەگەر بتانەوێت گۆرانکاری باش لە نەخۆشاخانەکەدا بکەن بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵک بەن، بۆچی بەشی عنایەی مرکەزەی ( ICU) نەخۆشخانەی فریاکەوتنت گواستەوە و نەخۆشخانەکەت ئیفلئج کرد.

٢.لەسەر ژمارەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەڵیت :لە دووشەممەی رابوردوەوە تەنها دوو نەشتەرگەری کراوە.

پزیشکان و خەڵکی سلێمانی باش دەزانن لەو کاتەوە لە سلێمانی دوو نەخۆشخانەی فریاکەوتن هەیە،ناکۆکی و پێکهەڵپژان لە نێوان پزیشک و هاوڕێی نەخۆشدا زۆر کەم بۆتەوە،پزیشکان بە ئارامی دەتوانن نەخۆشەکان ببینن، نەخۆشەکانیش بروایان بە پزیشک و نەخۆشخانە پتەوتر بووە.ژمارەی نەخۆشیش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن وا کەم نەبۆتەوە کە ئەو دەیڵیت، من رۆژی شەممە ٢١-٩-٢٠١٩ پزیشکی ئێشکگری نەشتەرگەری گشتی بووم، تەنها ئەو رۆژە ١٠ نەشتەرگەریمان هەبووە،با کەنالەکانی راگەیاندن بچن سەیری لیستی نەشتەرگەریەکانی ئەو رۆژەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بکەن و راستیەکەیان بۆ دەرکەوێت.

٣.دەربارەی ئەو پزیشکانەی کە نارازین بە داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بەرێوەبەر دەڵیت: ئەوانە ئەو پزیشکانەن خانەنشینی پەرلەمان وەردگرن و بە خۆبەخش لە نەخۆشخانە کار دەکەن، نەخۆشی نەخۆشخانە دەبەن بۆ کلینیکی تایبەتی خۆیان،ئەگەر راستدەکەن با لە کلینیکی خۆیان خۆبەخش بن.

منیش دەڵێم ساڵی ١٩٩٢ کاتێک ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمان بووم، لەبەر کەمی پزیشک لە هەرێمی کوردستاندا، پەرلەمان بریاریدا ئەو پزیشکانەی ئەندامی پەرلەمانن لە سەر کاری خۆیان بەردەوامبن، تەنسیب بکرێن بۆ شوێنی کارەکانی خۆیان،منیان لە بەەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی تەنسیب کرد،ئەگەر زۆر نارەحەتی من لە تەندروستی سلێمانی کار دەکەم، دەتوانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە تەنسیبەکەم هەلوەشێنیتەوە.

لەبەر ئەوەی لە سیستەمی تەندروستی هەرێمدا کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی تێکەڵە، نەخۆش لە کلینیکی تایبەتەوە دێت بۆ نەخۆشخانە،لە نەخۆشخانەوە دەچێت بۆ کلینیکی تایبەت،ئەوە بۆ هەمو دکتورەکان وایە نەک تەنها بۆ من،ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەیان بۆ دەکرێت دەبێت پاش ماوەیەک سەردانی پزیشک بکەنەوە،لە سیستەمی تەندروستی هەرێمدا رێگەوشوێنی وا دانەنراوە پزیشک بۆیبکرێت دوای نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە نەخۆشەکەی ببینێتەوە،بۆیە نەخۆشی هەمو پزیشکەکان دوای نەشتەرگەری ئاگادار دەکرێنەوە بچنە کلینیکی تایبەتی پزیشکەکە.

لەو کاتەوە کار بە سیستەمی نیمچە تایبەتی نەشتەرگەری دەکرێت،ئێمەی پزیشکەکانی نەشتەرگەری، نەخۆشی کلینیکە تایبەتەکانی خۆمان و نەخۆشخانە دەبەینە نەخۆشخانەی حکومی و بە پارە نەشتەرگەریان بۆ دەکەین،نزیکەی٧٠٪ نرخی نەشتەرگەریەکە بۆکارمەندو بەشی ئیداری نەخۆشاخنەکانە بە بەرێوەبەری تەندروستیشەوە،ئەی بەرێوەبەر بۆ ئەمەیان چی دەڵیت؟

بەرێوەبەر بە من دەڵیت ئەگەر راستدەکەن با لە کلینیکی خۆیان بە خۆبەخشی کار بکەن.منیش دەڵێم مەگەر نازانیت سێ ساڵ زیاترە لە پێناوی سووککردنی باری ئابوری سەرشانی خەڵک، نرخی کلینیکی خۆمم لە ١٥ هەزار دینارەوە بۆ پینج هەزارە دینار دابەزاندووە،مەگەر نازانی ساڵانی ١٩٨٢-١٩٩٢ من پزیشکی خۆبەخشی هیزی پێشمەرگەی کوردستان و جەماوەری ناوچەرزگارکراوەکانی کوردستان بووم، لەو سەردەمەدا بەبێ پارە بە خۆبەخشی هەزاران نەخۆش و برینداری چەکی کلاسیکی و چەکی کیمیاوم چارەسەر کردووە و لە مردن رزگارم کردوون،مەگەر نازانی ئەو پلەو پۆستەی تۆ بە قوربانی و خەباتی کەسانی وەک من و بنەمالەکەم بە دەست هاتووە،بەڵام ئیوەمانان رێز بۆ قوربانی و ماندووبونی خەڵکی دلسۆز دانانێن.

99 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations