سەعدی پیرە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی دوێنێ ئاشكرا دەكات

24.09.2019

لڤین: 
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند لە سەردانەكەی دوێنێ پارتی بۆلایان تا رادەیەكی باش رەوشەكەیان ئارام كردووەتەوە باس لەوەش دەكات لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆی كۆبونەوەی سێ قۆڵی نەكراوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئاستی پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی پەیوەندی بەردەواممان هەیە سەردانەكەی دوێنێی پارتیش بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی  بووە هۆی جۆرێك لە ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە ئەوە كارێكی باشبوو.

پیرە لە قسەكانیدا باسی لەوەش كرد: هاتنی وەفدەكەی پارتی ئیزافە بوو بۆ ئەوەی كە ئەوان ئەو كارەیان پێ باش نەبووە كە ڕویداوە دەیانەوێت (تەئكید) لەسەر ئەوە بكەنەوە كە ئەو كارە نەخشە بۆ كێشراو نەبوو وە بڕیارێك نەبووە كە درابێت وە هەوڵدەدرێت لەڕێگای دامودەزگاكانی حوكمەت بازگەكان بەشێوەیەك ڕێكبخرێت كەشتی وا دووبارە نەبێتەوە.

ناوبراو ئەوەشی رونكردەوە "لەداهاتوویەكی نزیك كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی كەركوكەوە دەست پێدەكاتەوە"

ئەو ئەندامەی مكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە لە كۆبونەوەكەی دوێنی باسی كۆبونەوەی سێ قۆڵی نێوان گۆڕان و یەكێتی و پارتی نەكراوە لەو بارەیەوە دەڵێت " ئەوە كۆبونەوە نەبوو، ئەوە سەردانێك بوو قاوە خواردنەوە و باسی هیچ بابەتێكی سیاسی دوو قۆڵیمان نەكرد كە كۆبونەوە یان هەڵوێستێكی دیاریكراوی لێ هەڵبقوڵرێت، بەڵكو تەنها بۆ ئەوەی ڕای گشتی بەهەڵەدا نەچێت، بارودۆخی كوردستان زۆر لەوەگەورەترە ئەگەر كارێكیش ڕویداوە بەڵام پارتی و یەكێتی خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن لەبەڕێوەبردنی میللەتەكە وە لەگەڵ گۆڕان-یش و لایەنەكانی تریش كە لە حكومەتدان بۆیە لەو سەردانەی دوێنێ باسی هیچ بابەتێكی سیاسی نەكرا".

3703 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations