دۆخی ئێستای پارتی و یه‌كێتی

23.09.2019

لڤین: لە هەژماری ( سەرتیپ وەیسی کەریم ) ەوە وەرگیراوە

هه‌رچه‌نده‌ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر پرسی ڕێگریكردن له‌ محمود سه‌نگاوی تونده‌.

هه‌رچه‌نده‌ شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌، سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر پرسی ڕێگریكردن له‌ محمود سه‌نگاوی تونده‌و له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش، ژماره‌یه‌ك بژارده‌ له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسانی ئه‌و حزبه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان خراوه‌ته‌ڕوو. 
یه‌كێك له‌ بژارده‌كان قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر بایكۆتكردنی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی پێنجه‌شممه‌ی ڕابردوو وه‌ڵامێكی باوه‌ڕپێكراو نه‌داته‌ یه‌كێتیی.
ڕووداوی ڕێگریكردن له‌ محمود سه‌نگاوی، واده‌كات یه‌كێتیی له‌ماوه‌ی داهاتوودا، له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگاری كه‌ركوك و ڕۆڵی یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌.
سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌سه‌ر كۆی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌، جارێكی دیكه‌ به‌ سیاسیه‌تێكی نوێ و به‌ مه‌رجی نوێیه‌وه‌ گه‌ڕێكی دانوستاندن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ هه‌ستی به‌وه‌كردوه‌، كه‌ حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی هیچ حسابێك بۆ یه‌كێتیی و نوێنه‌ره‌كانیان له‌كابینه‌ی نوێ ناكات.
ئه‌وه‌ی زیاتر یه‌كێتی نیگه‌ران كردووه‌، ئه‌و حزبه‌ پێیوایه‌، رووداوی رێگریكردن له‌ محمود سه‌نگاوی به‌ فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی مه‌سعود بارزانی بووه‌.
تاوه‌كو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ هه‌نگاوێكی نه‌گرتۆته‌به‌ر بۆ دامركاندنه‌وه‌ی توڕه‌ییه‌كانی یه‌كێتیی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، یه‌كێتیش چاوه‌ڕێ ده‌كات بزانێت پارتی چی ده‌كات؟
هه‌رچه‌نده‌ بایكۆتكردن له‌ حكومه‌ت و جارێكی دووڕكه‌وتنه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتیی ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێز نییه‌، به‌ڵام ئه‌و بژارده‌یه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو زۆربه‌ی به‌ گه‌رمی گفتووگۆی له‌سه‌ر كراوه‌.

279 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations