پارتی بارەگاکانی کەرکوک وەردەگرێتەوە

23.09.2019

لڤین:

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیانی پارتی ڕایگەیاندوە، دەزگا ئەمنیەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لەکەرکوک، بارەگاکانمان دەدرێتەوە.

لە گفتووگۆیەکدا، لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوکی، ڕایگەیاندوە" لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان نێوانمان باشە و شەریک و بەشدارین لەحکومەتدا، بۆیە هەوڵ هەیە لەهەموو ناوچەکان پێکەوە و بەخۆشی کاربکەین".

لە بارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک و وەرگرتنەوەی بارگاکانیان بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە داوە" مەعقولە لە حکومەتدا شەریک بین و بارەگاکانمان نەدرێتەوە، بەڵێ، بارەگاکانمان دەدرێتەوە."

لەکاردانەوەی ئەگەری پێدانەوەی بارەگاکانی کەرکوک بە پارتی، عەرەب و تورکمانەکان، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی عێراق راگەیاند ،دەڵێن"نابێت بینا حکومیەکان بدرێتەوە بەو حیزبە."

لەبەرامبەردا، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی، هێرشیکردوەتە سەر هەندێک لایەنی عەرەبی و تورکمانی و تۆمەتباری کردون بەوەی دژی هەر لایەنێکن کە خزمەت بکات،وتیەتی" ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەنی عەرەبی و تورکمانی، دۆستین و هاتووچۆمان هەیە، بەڵام بیرکردنەوەی هەندێکیان شۆڤێنیانەیە".

سەبارەت بە یەک لیستی حیزبە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،بەرپرسەکە وتویەتی" یەک لیستی لەبەرژەوەندی کوردە، نابێت هیچ دۆخێک بکرێتە بیانوو بۆ یەک لیست نەبوون".

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک کردوە، ڕوونیکردەوەتەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان لە هەوڵدان بە مەبەستی ڕازیکردنیان.

549 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations