لە ماوەی ٦ مانگدا ١٢١ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون

23.09.2019

لڤین:

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندوە، بە شێوەی نێونجی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی هەر مانگ ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون یان بریندار بوون.

بە پێی هەواڵێک کە لە سایتی هەنگاو بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاندوە" بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧١٩ ی کوردی ( ٢١ی مارس هەتا ٢١ی سێپتامبری ٢٠١٩ )، لانیکەم ( ١٢١ )کۆڵبەر و کاسبکار لە سەر سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون، کە ٨٤٪ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی".

لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا هاتووە" بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ٣٨ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٨٣ کۆڵبەریش بریندار بوون".

لە کۆتایدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە " لەو ژمارەیە دوو کۆڵبەر بە تەقەی چەکدارانی تورکیا و کۆڵبەرێکیش لەلایەن هێزەکانی حەشدی شعبییەوە کوژراون".

120 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations