سلێمانی؛ بڕێکی زۆر دەرمان لەناوبرا

23.09.2019

لڤین:

لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی له‌ ماڵی خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ك ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمان-دا گیراوە کە رێگە پێدراو نییە لە کەرتی تایبەتدا بفرۆشرێت و تایبەتە بە نەخۆشخانە حکومییەکان.

ئاریان هه‌ورامی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌ی ته‌ندروستی رایگه‌یاند، له‌ ماڵی خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ك و به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت و به‌شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست بڕێكی زۆر ده‌رمان عه‌مبار کراوە، هه‌موو ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش به‌كارده‌هێنرێت پێویسته‌ له‌ پله‌یه‌كی گه‌رمی دیاریكراودا عه‌مبار بكرێت، كه‌ئه‌و پله‌یەش له‌ ده‌رمانێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت تا زیان به‌‌پێكهاته‌ و گیراوه‌كانی‌ ده‌رمانه‌كان نه‌گه‌یه‌نێت كه‌لێی دروستكراوه‌، بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك عه‌مباركردنی ده‌رمان له‌ ماڵه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌، له‌كاتی عه‌مباركردنیدا پێویسته‌ مۆڵه‌ت له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار وه‌ربگیرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، خاوه‌ن نۆرینگه‌كه‌ كاوانته‌ر و ژێرقادرمه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی و دایكی بۆ عه‌مباركردنی ده‌رمانه‌كان به‌كارهێناوه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی زانسته‌ ته‌ندروستیه‌كان و یاسا و رێنماییه‌كانیشه‌، بۆیه‌ پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی خاوه‌ن نۆرینگه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستییه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی پشكنراو ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆراوجۆردا گیرا.

دەشڵێت؛ بڕێكی زۆر له‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، هه‌ندێكی‌ (MOH)ه‌ و به‌وه‌ناسراوه‌ نابێت له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كڕینی و فرۆشتنی پێوه‌بكرێت و تایبه‌ته‌ به‌نه‌خۆشخانه‌كانی حكومه‌ت، به‌ڵام له‌م‌ نۆریگه‌دا هه‌بووه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كردن به‌وجۆره‌ ده‌رمانه‌وه‌.



196 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations