یەکێک لە ترسناکترین ژنەکانی جیهان بە مردووی دۆزرایەوە

18.09.2019

لڤین:

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی ڕایگەیاندوە، كلودیا ئوتشوا فیلیكس ژنە مافیا و نمایشتکار جل وبەرگی مەکسیکی لە یەکێک لە ماڵەکانی لە یەکێک لە دورگەکانی مەکسیکدا بە مردوی دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ١٨ / ٩ / ٢٠١٩ ) ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕایگەیاند" كلودیا ئوتشوا فیلیكس، ژنە مافیا و نمایشتکار جل وبەرگی مەکسیکی و بازرگانی مادە بێهۆشکەرەکان و سەرپەرشتیاری ترسناکترین گروپی تاوانکاری کوشتن لە یەکێک لە ماڵەکانی لە یەکێک دورگەکانی مەکسیکدا بە مردووی دۆزراوەتەوە".

وێنەی ماڵەکە

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە" فیلیكس چەندین تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە و سەرپەرشتی گروپی لۆس ئەنتراکستی و گروپێکی تایبەت بە کوشتنی لە شاری سنالۆی مەسکیک کردووە و هاوڕییەکی نزیکی خۆسیە ڕۆدریگۆ، سەرۆکی گەورەترین مافیا و باندە بازرگانیکردن بە مادە بێهۆشکەرەکانی مەکسیک بووە".

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە" فیلیكس بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەژێر پاسەوانیەکی توندوتۆڵدا بووە پۆلیس نەیتوانیوە دەستگیری بکات".

كلودیا ئوتشوا فیلیكس تەمەن ( ٣٥ ) ساڵ بووە، پێشتر پیشەی فاشیۆنی جلوبەرگ بووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کەسێکی چالاک بووە و بەردەوام لەسەر شێوازی ژیانی و وێنە جوانەکانی خۆی بە جلوبەرگی وەرزشی و چەکەوە بڵاوکردووەتەوە و بەو هۆیەشەوە چەند جارێک هەژمارەکانی لە فەیسبوک و تویتەر ڕاگیراوە.

پۆلیسی مەکسیکی، بە ڕۆژنامەکەی ڕایگەیاندوە" کلۆدیا لەگەڵ پێاوێکی نەناسراودا لەنێو یانەیەکی شەوانەدا بووە پێش گیانلەدەستدانی،  دواتریش پێکەوە چونەتە ماڵەوە لە دورگەی مۆسالای شاری کۆلیاکانی مەکسیک و مادەی بێهۆشکەریان خواردووە و دواتر نووستوون".

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە سەرلەبەیانی پیاوەکە ویستویەتی بەخەبەری کاتەوە دواتر بینویەتی گیانی لەدەستداوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریش پاش توێکاریکردنی سەرەتای بۆ تەرمەکەی، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە فیلیكس بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکی تریشدا تەواوی وردەکارییەکانی هۆکاری گیانلەدەستدانی بۆ میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە.


 

 

 

 

6466 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations