هەسەدە؛ سوریا بە هاوكاری كردنی داعش تۆمەتبار دەكات

16.09.2019

لڤین: 
هەسەدە وەڵامی حكومەتی سوریا دەداتەوە و تۆمەتباری دەكات بە هاوكاری كردنی داعش و دەشڵێت لەوكاتەی داعش هێرشی كردە سەر باكوری سوریا هێزە چەكداەركان خەریكی پاراستنی پایتەخت بوون. 

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بە شێوەیەكی فەرمی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی سوریای دایەوە و رایگەیاند "جارێكی دیكە رژێمی سوریا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە هەوڵی شێواندنی رای گشتی جیهانی و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەدات، ئەوەش لە رێگەی ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هێزەكانمان كە هیچ بنەمایەكی راستیان نییە".

هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا دەشڵێت: كاتێك هێزەكانی سوریای دیموكرات وەڵامی بانگەوازی دانیشتووانەكەی باكوری سوریای دایەوە بۆ رزگاركردنیان لە دەست تیرۆری داعش، رژێمی سوریا هیچ گرنگییەكی پێنەدا و ئەو كات هێزەكانی سەدان كیلۆمەتر لە ناوچەكە دووربوون، سەرقاڵی پاراستنی ناوەندی دەسەڵات بوون لە پایتەخت، خەڵكەكەیان بەجێهیشتبوو.

هەسەدە بە بیری هێناوەتەوە كە 11 هەزار شەرڤانی شەهید بووە و 24 هەزاریشی بریندار بووە و دەشڵێت: بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەكی فڕۆكەكانی رژێمی سووریا زۆربەی ژێرخان، جومگە، دامەزراوە گشتییەكان، دام و دەزگا حكومییەكان، پرد، كارگە و ژێرخانی نەوتی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی لە پارێزگاكانی رەققە و دێرزوور وێرانبوون.

هەسەدە هەریەكە لە سوریا و قەڵغانی فورات تۆمەتبار دەكات بەوە كە  هاوكاری داعش دەكەن و دەڵێت "رێكخراوی داعشی تیرۆریست ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێم بێ هیچ ئاستەنگێك بەكاردەهێنێت و لەوێوە كردەوەی تیرۆریستی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدەدات و خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج، زۆربەی تیرۆریستە دەستگیراوەكان دانیان بەوەداناوە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێم و قەڵخانی فوراتەوە هاتوون".

402 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations