سلێمانی؛ بڕێكی زۆر برنج له‌ناوده‌برێت

ئەرشیف
15.09.2019

لڤین:

به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه‌ی و خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بڕێكی زۆر برنج له‌ناوده‌به‌ن و پسپۆڕێكی خۆراكیش هاوڵاتیان له‌ برنجی خراپبوو ئاگادارده‌كاته‌وه‌‌.

قائیمقامی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ (لڤین پرێس) نێردراوە،  بڵاویکردوەتەوە،  له‌ئه‌نجامی سه‌ردانی لیژنه‌‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه‌گشتیه‌كان و پشكنینی ئه‌وكاڵاوشمه‌كانه‌ی له‌لایه‌ن بازرگان و دوكانداره‌كانه‌وه‌ به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت، ده‌ركه‌وتووه‌ بڕێك برنج به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیه‌وه‌ ئه‌سپێی هه‌ڵهێناوه‌ و به‌شێكی تریان به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ چه‌ند ماركێت و دوكانێك ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.

قائیمقامیەت ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕی برنجه‌ ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان له‌ 750كیلۆگرام زیاتره‌ و له‌ جۆره‌كانی (السلطان، مه‌رجان، دۆلفین، فاخر و تایله‌ند)‌یه‌، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبوونی هاوڵاتیان له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆراكه‌ ماددانه‌ی كه‌ خراپ ده‌بن یاخود ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رده‌چێت له‌شكر حه‌مید، پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك وتی؛ ئه‌و خۆراكانه‌ی به‌هۆی‌ خراپ عه‌مباركردن و به‌رزی پله‌ی گه‌رمی شوێنه‌كه‌وه‌ خراپ ده‌بن به‌ها خۆراكیه‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و شیاوی خواردن نامێنن و پێویسته‌ له‌ناو ببرێن.

ئەو پسپۆڕەی بوار خۆراک ئاماژەی بەوەشکردوە، به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌كۆگاكانی عه‌مباركردن یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان بۆ خراپبوونی خوارده‌مه‌نیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌ی كه‌بۆی دیاریكراوه‌‌ به‌سه‌ر بچێت، له‌خوارده‌مه‌نیه‌ وشكه‌كاندا ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی مێروو كه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وجۆره‌ خوارده‌مه‌نیه‌ خراپبووه‌‌ ده‌خوات.

داواش له‌ هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاتی كڕین و بازاڕكردندا به‌ وریاییه‌كی زیاتره‌وه‌‌ ئاگاداری ئه‌و خۆراكانه‌بن ده‌یخۆن، دڵنیابنه‌وه‌ له‌به‌رواری دروستكردن وبه‌سه‌رچوونی‌ هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌رزی پله‌ی گه‌رما له‌‌ كۆگاكان خۆراكه‌وشكه‌كان مێروو تێی نه‌داون پاشان‌ بیكڕن و به‌كاریبێنن.‌



253 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations