چەکەکانی ئەردۆغان

14.09.2019

لڤین: هونەر تۆفیق
هەر دەوڵەتێک چەند جۆرێک چەکی پێویستە . چەکە سەربازیەکانی پێوستە بۆ بەرگری ناوخۆیی و چەکی ئابووری و سیاسی و تەکنەلۆجیشی دەوێت بۆ هێرش بردنە دەرەکیەکان . ناشیرینترین و خراپترین چەک لەو هێرشە دەرەکیانەدا بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی ناوخۆ ، چەکی بەکارهێنانی مرۆڤە .

ئەردۆغان بەهۆی لاوازی سیاسی دەرەکیەوە ، ئەو چەکە قێزەونە بەکاردێنێت لەدژی دەوڵەتانی تر . بۆ هەر دەوڵەتێک جۆرە چەکێکی لە دەوڵەتێکی ترەوە قەرزکردووە تا شەڕەکانی خۆی پێبکات 

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئەمریکادا ، ڕوسیا بەکاردێنێت، یاخود بە ڕوسیا هەرەشە لەئەمریکا دەکات. لەئەنجامی ئەم شەڕە قێزەونەشەوە گەلانی سوریا باجەکەی ئەدەن و ئاسایشی ناوچەکەشی خستۆتە ژێر مەترسیەوە.

لەبەرانبەر سعودیە و میسردا، ئەردۆغان ئێرانی شیعی و ئیخوانی سونی بەکاردێنێت

لەبەرانبەر سعودیە و میسردا، ئەردۆغان ئێرانی شیعی و ئیخوانی سونی بەکاردێنێت، لەم بەکارهێنانەشدا ئاژاوەیەکی گەورەی عەقائیدی بەرپاکردووە. جارێکی تر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ خستۆتە ژێر مەترسیەوە.

لەبەرانبەر ئەوروپادا ، پەناهەندەکانی ناو تورکیا بەکاردێنێت . بەکردنەوەی دەرگای کۆچ بەرەو خۆرئاوا، ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات . جۆرێک لە ڕق و کینەی لەنێوان ئیسلام و ئەوروپیە مەسیحیەکاندا چاندووە کە ئاسایشی ئەوروپای توشی شڵەژان کردووە.

ئەرۆغان لەبەرانبەر کورد و دەوڵەتانی عێراق و سوریادا ، داعش بەکاردێنێت ، کوشتار و وێرانەیەکی بێ وێنەی لەو ناوچانەدا دروستکردووە . بەو هەموو خوێنەوە خەمساردانە پشتیوانی جەبهەی نوسرە و داعش دەکات ، بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئەو گەلانەی دراوسێ ی تورکیای پێ بکات و سڵ لە مەترسیەکانی ئەردۆغان بکەنەوە.

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیسرائیل، ئیسلام بەکاردێنێت و لەبەرانبەر ئیسلامیشدا ئیسرائیل دەپارێزێت

ئەردۆغان لەبەرانبەر ئیسرائیل، ئیسلام بەکاردێنێت و لەبەرانبەر ئیسلامیشدا ئیسرائیل دەپارێزێت بۆ ئەوەی لەناو ئەو ناکۆکیانەدا بەردەوامی بە هەیمەنەی سیاسەتی تورکیا بدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم چەکە قێزەونانەی ئەردۆغان کە گێژاوێکی ترسناکی بەجیهاندا بڵاوکردۆتەوە ، تەنیا یەک ئەنجامی هەیە ، ئەویش بنەبڕکردنی توانای گەیشتنی ئەردۆغانە بەو چەکانە و دواتر زیانەکانی دەگاتەوە بەناوخۆی تورکیا و کەسی ئەردۆغان کە کۆتایی هاتنە بە و کۆمارە خوێناویەی لەسەر ئەو کوشتارانە بنیادی ناوە .

1177 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations