كوا چاكسازیتان؟

14.09.2019

لڤین: لە هەژماری (هیوا سەید سەلیم) وەرگیراوە 

هەڵمەتی دادوەری ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەریە لە كوردستان كە لە ئێستادا داخوازیەكانی بریتین لە كەمكردنەوەی ئیمتیازاتی پلە باڵاكان و هەڵوەشاندنەوەی خانەنیشینی ناڕەوا و داكۆكی كردن لە كەرتی خزمەتگوزاری گشتی.

هەلمەتی دادپەروەری پێش هەر هەڵبژاردنێك لە تەواوی لیستەكانی هەلبژاردن واژۆی كاندیدەكان كۆدەكاتەوە كە بە ڵێن دەدەن ئەگەر متمانەی خەڵك بەدەست بێنن ئەو ئیمتیازە زۆرە ڕەت بكەنەوە كە بۆیان تەرخان دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوانەی كە بەڵێنەكانیان بردۆتە سەر نەگەیشتونەتە پەنجەی دەست، كە ئەوانیش بە نیازی پۆستی دیكە بوونە ئەگەرنا ئەوانیش پابەندی بەڵێنەكانیان نەدەبوون.

ماف و ئیمتیازاتی پلە باڵاكان لە پەرلەمانتارەوە بگرە تا هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و وەزیرەكان و بەڕێوەبەرە گشتیكان و ڕاوێژكارەكان بە جۆرێكە كە لەگەڵ هیچ یەك لە وڵاتان بەراورد ناكرێت، هەر بەو هۆیە لە كوردستان جۆرێك لە جیاوازی چینایەتی درووست كردووە و هۆكارێكی سەركەیش بووە بۆ سەرهەلدانی نادادی لە نێو چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا.

دیاردەیەكی تر لە ناعەدالەتی لە هەرێمی كوردستان، بریتیە لە بوونی خانەنیشینی ناڕەوا لە نێو پلە تایبەتاكان تەنانەت لە پلەكانی دیكەش، لە ماوەی حوكمڕانی و باڵادەستی دوو حزبی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان بەسەدان كەسی خۆیان بە پلەی وەزیر و ڕاوێژكار و بەرێوەبەری گشتی خانەنیشین كردووە بە بێ ئەوەی ئەو كەسانە رۆژێك لەو پۆستانە بووبن، تەنیا بۆ رازی كردنیان بەو پلانە خانەنیشین كراون.

هەڵمەتی دادپەروەری كە لەسەر دەستی چەندین چالاكوان و رۆژنامەنووس بەرپا بووە، ئامانجی نەهێشتنی ئەو نادادیە لە هەرێمی كوردستان، لەو پێناوەشدا چالاكیەكان لە رێگەی خەباتی مەدەنی درێژەپێدەدات تا ئەو كاتەی چاكسازی ڕاستەقینە ئەنجام دەدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە رۆژی سێشەمە 17/9/2019كاتژمێر 11 بەیانی گردبوونەیەك ئەنجام دەدات، هەڵمەتی دادپەروەری داوا لەهەموو ئەو كەسانە دەكات دەیانەوێت لە دەست نادادی دەربازیان بێت و پشتیوانی لە چاكسازی دەكەن و خواستی ئەوەیان هەیە كەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان وێران نەكرێت، با بێن بە كردەوە پشتیوانی لە هەڵمەتی دادپەروەری بكەن.

183 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations