سەبارەت بە ڕوداوەکەی موسڵ ڕوونکردنەوە دەدرێت

12.09.2019

لڤین:

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشكی پێكهاتەی شەبەك ڕایگەیاند،  هەندێك ئاژاوەگێڕی پارتی رێزی هیچ یاسا و عورفێك ناگرن، ئەوەی ڕویدا سوكایەتیكردن بوە بە خاڵێكی پشكنین.

ئەمڕۆ ( پێنج شەممە، ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ )، لە لێدوانیکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەیان، شێروان دوبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی ( پارتی )و سیروان رۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا لە لیستی پارتی ڕایانگەیاند بوو" لە خاڵی پشكنینی كۆكجەلی لەباشوری موسڵ لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپاوە هەوڵی تیرۆركردنیان دراوەو هێرشكراوەتەسەر ئۆتۆمبێلەكانیان ئەوەش سوكایەتیكردنە بەیاسا و دەستور، چونكە پەرلەمانتار حەسانەی هەیە، هەروەها ژمارەیەك پاسەوانیان رفێندراون و لێیان دراوەو سوكایەتیان پێكراوەو دوای چەند كاتژمێرێك ئازادكراون".

سەبارەت بەو ڕووداوە، حەنین قەدۆ ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی پێكهاتەی شەبەك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" وادیارە هەندێك ئاژاوەگێڕی پارتی نرخ بۆ هیچ یاساو عورفێك دانانێن و وا هەڵسوكەوت دەكەن نەینەوا بەشێكە لە هەرێم، ئەوەش لەشێوازی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ خاڵە پشكنینە ئەمنیەكانی نەینەواوە دەردەكەوێت بەشێوەیەك لەوانەیە ببێتەهۆی كێشەی ئەمنی و پەیڕەوكردنی بنەمای یاسای دارستان".

ئاشکرایشی کردوە " خاڵە پشكنینە حكومیەكان پیرۆزن و پێویستە رێزیان لێبگیرێت و سوكایەتیان پێ نەكرێت، چونكە سوكایەتیكردن پێیان سوكایەتییە بە حكومەت و یاسا".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردوە" ئەوەی لە خاڵی پشكنینی كۆكجەلی رویدا سوكایەتییە بە یاساو ئەو موجاهیدانەی سورن لەسەر دابینكردنی ئاسایش لەم بارودۆخە ئەمنیە هەستیارەدا، پەرلەمانتار شێروان دوبەردانی ناسراوە بەوەی هەڵوێستەكانی دژی حەشدی شەعبیە و هەوڵی دروستكردنی تەنگژە دەدات لەپێناو جێبەجێكردنی سیاسەتە مەترسیدارەكانیان تایبەت بە داهاتوی نەینەوا و عیراق و ئەو روداوەش كۆتا روداو نابێت".

1017 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations