سزاکانی بكوژانی‌ تاریقی‌ به‌قاڵ‌ ئاشكرا کرا

12.09.2019

لڤین:

دادگای‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاندوە، جگە لە سزای له‌سێداره‌دان بڕیار‌دراوه‌ به‌ سزادانی تاوانباران به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی داواكارانی مافی كه‌سی تاوانلێكراو.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ( لڤین )کەوتووە، دادگای سلێمانی ڕایگەیاندوە"  سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ( پێنج شەممە ٢٠١٩/٩/١٢ ) لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی/٢ دانیشتنی دووەمی تایبەت بە تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتی ( تاریق روستم حمەصاڵح ) ناسراو بە (تاریقی بەقاڵ) بەڕێوەچوو".

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە" لە دادگایی کردنەکەدا کە هەرسێ تاوانباری دۆسیەکە ئامادەبوون، لەبەر بوونی بەڵگەی تەواو و شاهید و دانپێدانانی تۆمەتباران، دادگا بڕیاریدا بە لەسێدارەدانی هەرسێ تاوانباری دۆسیەکە بەپێی ماددەی ( ٤٠٦ ) بڕگەی (١/ح) لە یاسای سزادانی عێراقی. هەروەها دادگا بڕیاریدا بە سزادانی تاوانباران بە قەرەبووکردنەوەی ماددی داواکارانی مافی کەسی تاوانلێکراو بە بڕی یەک ملیار دیناری عێراقی".

تاریق رۆسته‌م، ته‌مه‌نی ( ٣٩ ) ساڵ و خێزاندار بوو و خاوه‌نی چوار منداڵ و ده‌ خوشك بوو، له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانی كاری میوه‌ و سه‌وزه‌ فرۆشی كردووه‌.

رۆژی‌ ( ١٨ / ١٢ / ٢٠١٨ ), تاریقی‌ به‌قاڵ دوای‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ماڵ ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌‌، دواتر ئاسایشی‌ سلێمانی‌ دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ باندێك ته‌رمه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌، رۆژی ( ٧ ی نیسانی ٢٠١٩ )، باندێكی سێ كه‌سی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیركران كه‌ چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆریان ئه‌نجامدابوو دانیشیان به‌وه‌داناوه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ تاریقی به‌قاڵ و مه‌ریوانی دارا ره‌زایان كوشتووه‌".

 

1312 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations