دوای شكاندنی قاچ و دەست و لوتی ساڵێكە دادگای هەولێر لە سكاڵای گەنجێكی نەپرسیوەتەوە

12.09.2019

لڤین: 
گەنجێكی هەولێر دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەك لە ئاسایش و كادری پارتیەوە دەست و قاچ و لوتی دەشكێندرێت نزیكەی یەك ساڵە سكاڵای تۆمار كردووە، بەڵام دادگا هیچی نەكردووە بۆ سزادانیان. 

هارون ناسیح حەسەن، دانیشتووی شاری هەولێرە و لە بەرواری30ئەیلولی 2018 لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا چاودێری سندوق دەبێت لەو شارە و دوای هەوڵی رێگری كردنی لە پێشیلكاری دەدات لەلایەن "كارمەندێكی ئاسایش بە ناوی هێمن نەجات نازم بانگی كردم ووتی وەرە زابتەكەمان بانگت دەكات".

ئەو رونیدەكاتەوە كاتێك لە بنكەی دەنگدانەكە چووەتە دەرەوە "نزیكەی ۱٥ كارمەندی ئاسایش جلی سەربازی و مەدەنی بەچەك و بۆڕی و كێبڵ و بۆكز و لەقە زۆر بەخراپی لێیاندام لە پێش چاوی هاوڵاتیان منیان سواری ئۆتۆمبێلی تابلۆی وەزارەتی ناوخۆ كرد".

ئەو هاوڵاتیەی هەولێر رونیدەكاتەوە دوای ئەوی لە بنكەی دەنگدانەكە دوورخراوەتەوە لە دەشتایی نێوان هەولێری و نوێ و سەناعە فڕێدراوە و دواتر لە راپۆرتی پزیشكیدا دەركەوتووە كە دەست و قاچ و لوتی شكاوە. 

ئەو گەنجە كە چاودێری هێزێكی سیاسی ناڕازی بووە لە هەولێر ئاماژە بەوەش دەكات چەندین جار هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە، ئەوەش رادەگەیەنێت هەرچەند لەو كاتەدا "سكاڵام تۆمار كردووە، بەڵام ئەو كەسانە لە لایەن ئاسایشی پارتی پارێزراون تاكو ئێستا كەسیان دادگا سزای نەداون كە هەموو ڕێكارێكی یاسایم تەواو كردووە لە دادگای لێكۆڵێنەوەی هەولێر". 

ئەو گەنجە بۆ (لڤین پرێس)ی روندەكاتەوە كە "چەندین جار داوایان لێكردووم كە بە سولح ئەو كێشەیە كۆتای پێبێنم بەڵام من بەهیج شێوەیەك ڕازی نیم".

لە قسەكانیدا هاورن باسی ئەوەشی كرد تا ئێستا دادگا بەشێوەیەكی زۆر سست یان هەركار لە دۆسیەكەدا ناكات، دوای ئەوەی بانگ كراون بۆ دادگا بەبێ راگرتنیان ئازاد كراون، ئەو بۆیە داوا دەكات "لە سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەڕلەمان ئەو كەسانەی ئەو كارە نامرۆڤانەیان دژی من ئەنجامداوە بگەن بە سزای خۆیان".

2611 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations