ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم چەند بڕیارێكی دەركرد

11.09.2019

لڤین:

حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق.

ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٩ )، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە دەركردنی چەند بڕیارێك كۆتایی هات.

بە پێی ڕاگەیەندراوێک، كە ماڵپەڕی فەرمی حكومەت بڵاویكردۆتەوە، ڕایگەیاندوە" كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێك دەركراوە و ئاماژە بەوەدراوە، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی ڕەشنووسی بودجەی ( ٢٠٢٠ ) لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" بانگهێشتی لیژنەكانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ هەرێمی كوردستان بكرێت".

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە" رۆژی ( پێنج شەممە، ١٢ / ٩ / ٢٠١٩ ) شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ".

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ / ٩ / ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە .
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كە رۆژی ٨ ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو .

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا ، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی كوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی ٢٠٢٠ لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ . هەروەها بانگهێشتی لیژنەكانی ( دارایی، نەوت وگاز ، یاسایی ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ هەرێمی كوردستان بكرێت.

رۆژی پێنجشەممە ١٢ / ٩ / ٢٠١٩ شاندێكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا ، وەزیری پلاندانان راپۆرتێكی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشكەش كرد كە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت. وەزیری پلاندانان تیشكی خستە سەر لایەنەكانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەكارییەكانی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەكە بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی كوردستانییان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانەوە .

لە كۆتاییدا ، كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لە بارەی میكانیزمی نوێ بۆ رێكخستنەوەی باج كرد بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی ( الدفاتر التجاریە )ی پەسەند كرد كە میكانیزمی نوێ لە خۆدەگرێت بۆ رێكخستنەوەی باج.

817 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations