کاوە عەلی بۆ لڤین: دووەمجارە ناوی کاندیدەکانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

11.09.2019

لڤین:
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، تا ئێستا دووجار ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام جاری یەکەم بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتییەوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی و کێشەی بۆ دروستبوو.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بە (لڤین پرێس)ی راگەیاند، ناوی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە کە ژمارەیان 25 ئەندامە نێردراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ وردبینی و دواتریش رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکە.

دەشڵێت: پێشتر لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2016 ناوی 22 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە و دوای وردبینی لەوێوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا بۆ بڕیاردانی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە دەرکردنی فەرمانی وەزاری، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پارتی بەشداری نەکردبوو ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر نەکرد و هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان خۆیان واژۆیان لەسەر رێکەوتنەکە کردوە هیوادارین پێوەی پابەند بن، چونکە ئەگەر کێشە دروست بکەن دووبارە زیان بە پارێزگاکە دەگەیەنێت و خەڵکیش متمانەی بە لایەنەکان نامێنێت.

کاوە عەلی وتیشی: دروستکردنی ئەو ئەنجومەنە سودی زۆری دەبێت بۆ پارێزگاکە ئەگەر لایەنەکان بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانەوە رێگر نەبن لە ئەنجامدانی کارەکان بۆ پاریزگاکە، چونکە بۆ فراونکردنی سنوری گوندێک یان کردنی ناحیەک بە قەزاکە نەدەتوانرا هیچ کارێک بکرێت.

سەبارەت بە فۆڕمی خۆراکی پارێزگاکە وتیشی: وەزارەتی بازرگانی عێراق بەڵێنی پێداوین کە فۆڕمی خۆراک بۆ ساڵی 2019 -2020 بە ناوی پارێزگاکەوە چاپ بکرێت.

212 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations