شێخ جەعفەر: مەسعود بارزانی دەتوانێت بكرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكان

11.09.2019

لڤین: 

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی حزبە سیاسیەكان، پێیوایە لەدوای مام جەلال مەسعود بارزانی دەتوانێت حزبەكان كۆبكاتەوە و وەك یەكێتیش پشتیوانی دەكەن. 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی پارتە سیاسیەكان رەتیكردەوە لە ناو حزبەكەیدا گفتوگۆی لەبارەوە كرابێت و رایگەیاند: ئەگەر ئەنجومەنێك دروست ببێت دەستی حكومەت و پەرلەمان ببەستێت و دەست وەربداتە كاروباری ئەو سێ دامەزراوەیە (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان هەروەها حكومەت) ئەوا بەڕاستی من پێم باش نیە چونكە هەریەك لەو سێ دامەزراوەیە كاری خۆیان هەیە و سەربەخۆن لەو كارانەی پێیان دراوە. 

ناوبراو لە قسەكانیدا باسی لەوەش كرد ئەگەر ئەنجومەنێكە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و یەكڕیزی میللەتەكەمان و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی لەدەرەوە لەمیللەتەكەمان دەكرێت یا كۆدەنگیەك بێت بۆ گەیاندنی دەنگی میلەتەكەمان بەهەموو دنیا من بەو شێوەیە پێم باشە بەمەرجێك دووربێت لە دەستوەردان لەكاروباری حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم.

سەبارەت بە سەرۆكایەتی كردنی ئەنجومەنەكە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە دیدارێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كردووە كە یەكڕیزی ئەو میللەتەی پێ باشە لەژێر سێبەری هەر ناوێكدا بێت و دەڵێت" كاتێك ئەنجومەنە دروستكرا بۆ سەرۆكایەتی كردنی ئەو ئەنجومەنە دەكەوێتە سەر ئەوەی چۆن و لەسەر كێ ڕێكدەكەون، واتە دەكەوێتە سەر ڕێكەوتنی لایەنەكان" ئەوەشی رونكردەوە كە " ئەگەر بڕوانینە ڕابردوو كە "بەڕەحمەت بێت جەنابی مام جەلال لەگەڵ كاك مەسعود لەگۆڕەپانەكەدا بوون توانیبویان ڕۆڵێكی باشیان هەبێت لەكۆكردنەوەی هەموو لایەنەكان بەڵام ئەمڕۆ "كەجەنابی مام جەلال "كۆچی دوایی كردووە هەر "جەنابی كاك مەسعود "ماوە، "جەنابی كاك مەسعود" دەتوانێت هەستێت بەو كارە".

ئەو رونیشیدەكاتەوە كە حزبەكەی هیچ كات ڕێگری لە مەسعود بارزانی نەكردووە، چەند قۆناغێكی پشتیوانی حزبەكەیشی بۆ بارزانی بەبیر دەهێنێتەوە و دەشڵێت "بۆیە ئەگەر ئێستاش كاك مەسعود بیەویت ئەو ڕۆڵە ببینێت و ببێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەموو لایەنە سیاسیەكان كۆبكاتەوە و یەكڕیزی كورد بپارێزیت بێگومان وەك یەكێتی هەمان هەڵوێستی ڕابردومان دەبێت".

841 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations