ریخۆڵە گیران

10.09.2019

لڤین: دكتۆر فایەق گوڵپی

ریخۆڵەگیران نەخۆشیەكی كتوپڕی ناوسكە، هەر كەسێك دوچاری ئەم نەخۆشییە ببێت، پێكهاتەكانی ناو ریخۆڵە ( ئاو و غازات و پیسایی)بە ئاسایی بەرەو كۆتایی كۆئەندامی هەرس تیپەڕنابێت و لە ناو ریخۆڵەدا دەمێنێتەوە.

نیشانەكانی ریخۆڵەگیران:

نەخۆشەكە هەست بە سكئێشە دەكات،دەرشێتەوە ،سكی هەڵدەئاوسێت و سەرئاو ناكات. بێهێزدەبێت و خواردنی پێناخورێت،لێدانی دڵی خێرادەبێت، پاڵەپەستۆی خوێنی دادەبەزێت.

ئەگەر نەخۆشەكە زوو سەردانی پزیشك و نەخۆشخانە نەكات، ریخۆڵە گیراوەكەی دوچاری گانگرین دەبێت و ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە.

هۆكارە ریخۆڵەگیران بریتین لە :

١.نەخۆشی فتق،فتق ریخۆڵەی تێدایە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە و چارەسەر نەكرێت،فشار لەسەر ریخۆڵەكە دروستدەبێت و دەگیرێت.

٢.نەشتەرگەریەكانی ناو،ئەگەرهەیە دوای نەشتەرگەری ناو سك،گۆشتی زیادە لە سكدا دروستببێت و ریخۆلەكان بە دەوریدا پێچبكەون و بگیرێن، یان زیادەگۆشتەكە فشار بخاتە سەر ریخۆڵە و بیگرێت.

٣.شێرپەنجەی ریخۆڵە، بە تایبەتی شیرپەنجەی ریخۆڵە ئەستورە یەكێك لە هۆكارەكانی تری ریخۆلەگیرانە.

٤.نەخۆشیەكانی تری ناو سك و ریخۆڵەكان دەبنە هۆی ریخۆڵەگیران.

چارەسەری ریخۆڵەگیران:

١،دەبێت نەخۆشەكە لە نەخۆشخانە بخەوێت.

٢.هیچ نەخوات،سوندەی گەدەی بۆ بكرێت،لە رێگەی دەمارەوە مغەزی پێبدرێت.

٣.ئەگەر بەو چارەسەریانە نەخۆشەكە چاكنەبوەوە، دەبێت بە گوێرەی هۆكار و جۆری ریخۆلەگیرانەكە، نەشتەرگەری بۆ بكرێت.

رێنمایی:

١.هەر كەسێك دوچاری نیشانەكانی ریخۆڵگیران هات،دەبێت بە زوترین كات سەردانی پزیشك و نەخۆشخانە بكات.

٢.هەر كەسێك نەخۆشی فتقی هەبێت بە زوترین كات نەشتەرگەری فتق بكات،بۆ ئەوەی دوچاری ریخۆڵەگیران نەیەت، نەشتەرگەری فتق لە نەشتەرگەری ریخۆڵەگیران ئاسانترە.

٣.هەركەسێك پێویستی بە نەشتەرگەری ناوسك بوو، باشترە بە هەناوبینی نەشتەرگەری بكات، اێ‌لەبەر ئەوەی نەشتەرگەری هەناوبینی كەمتر زیادەگوشتی ناوسك دروستدەكات.

•لە واڵی پزیشكی ناوبراو وەرگیراوە

318 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations