هەسەدە: بەناچاری لەگەڵ حكومەتی سوریا رێكدەكەوین

10.09.2019

لڤین: 
هەسەدە لەبارەی شكستی رێكەوتنی ناوچەی ئارام رونكردنەوەیدا و دەڵێت ئەگەر سەر نەگرێت، بەشێوەیەكی ناچاری لەگەڵ روسیا و حكومەتی سوریا رێكدەكەون و باسیش لە رۆڵی ئەمریكا دەكات لە ناوچەكە لە دوای كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانیان لە سوریا. 

مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگەیاند: كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئێمە داناوە. 

ناوبراو لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی (سی ئێن ئێن) وتیشی: ئەمریكا نیوەی راوێژكارە سەربازییەكانی لە سوریا كشاندووەتەوە، لە كاتێكدا زیاتر لە نیوەی هێزەكانی ئەمریكاش ووریایان جێهێشتووە.

كۆبانێ رونیكردەوە: بەشێك لەو هێزانەی ئەمریكا كە لە سوریا ماونەتەوە، سەرقاڵی چاودێریكردنی ناوچەی ئارامن، ئەوەش وایكردووە سەرنجیان پەرت بێ و هەموو فۆكەسیان لەسەر لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش نەبێ، هاوكات هەڕەشەكانی توركیا هەلی دەستوەشاندنی بۆ شانە نوستووەكانی داعش رەخساندووە. 

 فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەوەشی رونكردەوە كە: هەسەدە لەسەر ناوچەی ئارام رێكەوتووە و هەوڵەكانی پەیوەندیدار بە ناوچەكە بە باشی بەرەوپێش دەچن، ناوچەی ئارام قوڵاییەكەی لە هەندێك شوێن 5 كیلۆمەتر و لە هەندێك شوێنی دیكە 14 كیلۆمەترە.

 ئەو سەركردەیەی هەسەدە ئەوەشی رونكردەوە "هەسەدە هەتا ئێستاش پێویستی بە پشتگیریی هاوپەیمانانە، لە كاتێكدا پاراستنی ئاسایشی ناوچە رزگاركراوەكان پێویستی بە 50 بۆ 60 هەزار چەكدار هەیە".

مەزڵوم كۆبانێ  ئەوەشی ئاشكرا كرد "ئەگەر رێكەوتنەكەی ئێستای نێوان ئەمریكا و توركیا هەڵوەشێتەوە و ئەمریكا بڕیاری جێهێشتنی سوریا بدات، ئەوە هەسەدە پێی باشترە لەگەڵ رژێمی سوریا و حكومەتی روسیا بسازێ تا بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی توركیا". 

3061 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations