پارێزگاری هەولێر: بەفەرمی ئاگادار نەكراومەتەوە لە وازهێنانم لە پۆستەكەم

10.09.2019

لڤین: 
پارێزگاری هەولێر رەتیدەكاتەوە فەرمانی لابردنی لە پارێزگای هەولێر دەرچووبێت و دەڵێت پارتی گۆڕانكاری دەكات بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەكراومەتەوە لەوەی لە پارێزگار واز بێنم. 

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەی و لابردنی لە پۆستەكەی رایگەیاند "دەستم لەكارنەكێشاوەتەوە وە هیچ شتێكی فەرمی-ش نیە تا ئەم ساتە لە پۆستی پارێزگاری هەولێر بەردەوامم و وەك خۆیەتی، ئەوە بڕیاری پارتیە كە گۆڕانكاری لە هەندێك لە پۆستەكاندا بكات، بەڵام تا ئێستا تایبەت بە پۆستی پارێزگاری هەولێر هیچ شتێكی فەرمی نەهاتووە، وە من نامەی دەست لەكاركێشانەوەم نەداوەتە ئەنجومەنی پارێزگا كوا ئەو "خەبەرە"لەكوێ هاتووە؟ هیچ شتێكی وانیە". 

قسەكانی پارێزگاری هەولێر لە كاتێَكدایە كە دوێنی (لڤین پرێس) وەك یەكەم میدیا ئاشكرای كرد كە دەست لەكار دەكێشێتەوە و لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆست وەردەگرێت. 

نەوزاد هادی لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ دەنگی ئەمریكا ماڵئاوایی لە خەڵكی هەولێر دەكات وەك پارێزگار و دەڵێت: ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ئەو خەڵكە هەیە بەسوپاسەوە ئێمە وەك خزمەتكارێكی ئەو خەڵكە وابوین، بەڵام پارتی بڕیاری كۆمەڵێك گۆڕانكاری هەیە ئەمە كارێكی سروشتیه زۆر ئەو جێگۆڕكێیانە وە ئێمەش وەكو كادیرێك و پارتیەك "ئیلتیزام" پێوەی دەكەین و جێ بەجێی دەكەین. 

لە هەواڵەکەی دوێنێی (لڤین پرێس) ئەوە ئاشکرا کرابوو بۆ شوێنگرەوەی نەوزاد هادی فرسەت سۆفی دیاری كراوە و لەم هەفتەیەدا پارێزگاری هەولێر واز دەهێنێت و دەچێتە لای سەرۆكی هەرێم پۆست وەردەگرێت. 

ئەو باسی ئەوەشی كردووە كە ماوەی 16 ساڵە لەو پۆستەدایە و دەشڵێت "تا ئێستا هیچ ئەمرێكی فەرمی دەرنەچووە، بەڵام بەڵێ مەعلومە كە پارتی كۆمەڵێك بڕیاری گۆڕانكاری هەیە لەزۆر پۆست و پلەو پایەكان بەڵام وردەكارییەكان نازانم".

پارێزگاری هەولێر رەتیكردەوە بۆخۆی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و تەنها وتی "بێگومان وەزیفە دەرفەتە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكەیت، بێگومان خەڵكانێك هەن هاوشێوەی من "تموحی" ئەوەیان هەیە بێنە وەزیفە تاخزمەتی خەڵك بكەن منیش كاندیدی پارتی بوم لەو پۆستە ئەو حیزبە چ ئەركێكی ترمان پێ بسپێرێت كە خزمەتی ئەو وڵاتەی تێدا بێت بێگومان جێ بەجێ دەبێت".

439 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations