یەڵماز گونەی ... بلیمەتێكی سینەما

09.09.2019

لڤین: وەرگیراوە لە حەسەن جودی

ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند و نووسەری بلیمەتی كوردستان و جیهانی "یەڵماز گونەی"یه. یەڵماز گونەی لە ساڵی 1ی نیسانی 1937 لە گوندی ئینجەی سەر بە شاری ئەدەنە لەدایكبووە. یەڵماز گونەی هەرچەندە خۆی ئابووری خوێندووە، بەڵام لە ساڵی 1957وە چۆتە ‌بواری هونەری سینەماوە. لەبواری سینەمادا وەك ئەكتەر، یاریدەدەری دەرهێنەر، سیناریست، دەرهێنەر و بوارەكانی تری سینەمادا رۆڵێكی گرنگی لە گەشەپێدانی سینەمادا بووە. ‌هەروەها چەندین كورتە چیڕۆكیشی نووسیوە و رۆمانێكی بەناوبانگیشی نووسیوە بەناوی ساڵبا.

یەڵماز گونەی بەشداریی نوسینی سیناریۆ، ئەكتەری، دەرهێنان و بوارەكانی تری هونەری سینەمادا نزیكەی 150 فیلمدا كردووە. وەك چەپێكی شۆڕشگێڕی خاوەن رامان و بیروباوەڕ زۆربەی فیلمەكانی باس لە چیرۆكی ئازار و دژوارییەكانی خەڵكی هەژار و رەنجدەر، بەتایبەتی خەڵكی باكووری كوردستان دەكات. بۆیە بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و شۆڕشگێڕییەكانییەوە چەندین جار و بۆ چەندین ساڵ زیندانیی كراوە.

تەنانەت چەندین فیلمی هەر لە زینداندا نووسیوە و دەرهێنانی بۆكردووە. تا دواجار لە زیندا رادەكات و لە فەرەنسا دەگیرسێتەوە. لەماوەی ژیانی هونەرییدا یەڵماز گونەی حەڤدە خەڵاتی لەئاستی توركیا و جیهان وەرگرتووە. گرنگترینیان ساڵی 1982 خەڵاتی چڵەدارخورمای ڤیستیڤاڵی كان بۆ فیلمی "یۆڵ - رێگا" بوو، كە بەهاوبەشی لەگەڵ گۆستا گاڤراس وەریگرت. یەڵماز گونەی سەرلەبەیانی 9ی ئەیلولی ساڵی 1984 لە پاریس بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردووە.

یەڵماز گونەی خاوەن رێچكەیەكی سینەمایی تایبەت بەخۆی بوو، كە بە "سینەمای نووسەر" بەناوبانگه، كە دەچێتە چوارچێوەی واقیعییەتی شۆڕشگێڕیی رەخنەییەوە. بەشێك لە گرنگترین ئەو فیلمانەی یەڵماز گونەی ئەمانەن: رێگا، مێگەل، دیوار، هیوا، هەڵاتووەكان، دێوەزمە، باوك، هەژاران، پیاوە دزێوەكە،‌ ئەسپ، گورگە برسییەكان، سەیدخان، دووژمن، سبەی دوا رۆژە، رۆڵەكانی ئەم وڵاتە، سەردەمی توتن، پاشای پاشاكان، پاشای دزێو، فیشەك كاریگەری لە من ناكات. بێهیوایان، ژان، حەوت بەڵاكان....هتد.

یەڵماز گونەی هەرچەندە بەهۆی قەدەخەی زمان و فەرهەنگی كوردییەوە، نەیتوانیوە فیلمەكانی بە زمانی كوردی بەرهەمبێنێت، بەڵام فیلمەكانی بۆ هونەری سینەمای كوردستان بنچینە و سەرچاوەیەكی گرنگن. بەتایبەتی فیلمی رێگا، مێگەل، دیوار.‌ ئەوەی گرنگە ئێستا یەڵماز گونەی وەك خوێندنگایەكی سینەمایی لە ئاستی جیهانییدا پێگەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە. خۆم زۆر كاریگەرم بە فیلمەكانی و رێچكە هونەرییەكەی. بۆیە لە سەرەتای نەوەدەكاندا وەك "كۆمەڵەی سینەمای كوردستان" بۆ یەكەمجار هەفتەی فیلمی یەڵماز گونەییمان ساز دا و چەند فیلمێكی یەڵماز و چەند لێكۆڵینەوەیەكمان سەبارەت ژیان و فیلمەكانی لەو هەفتە فیلمەدا پێشكەش كرد.

یادی هەمیشە گەش و نەمر بێت.

198 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations