سەردەمی ریشەكشێكردنی نێچیرڤان بارزانی

براگەورە دەوڵەتمەدار دەکوژێنێتەوە

08.09.2019

لڤین:

زەمەنی "دەوڵەتمەدار" لەناو پارتی بەرەو نەمان دەچێت‌و سەردەمی "براگەورە" دەستیپێكرد، بەپێی بەدواداچونێك ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكان‌و گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی. 

كوژانەوەی زەمەنی دەوڵەتمەدار

10ی تەموزی رابردوو، مەسرور بارزانی كە پارتییەكان پێی دەڵێن "برا گەورە" كۆتایی بەماوەی (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كوردستان، حوكمڕانییەك كە دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی بە "دەوڵەتمەدار" ناویان دەبرد.

بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، لەگەڵ دوركەوتنەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی وردە وردە خەریكە خۆری دەسەڵاتی لە ناو حزب‌و دەسەڵات بەشێوەیەكی گشتی بەرەو ئاوابوون دەچێت.

 

نێچیرڤان لە كوێوە بۆ كوێ ؟

نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی كوڕی مستەفا بارزانییە، ئەو بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەییەوە چەندینجار لە مەسعود بارزانی مامی زویر بووە‌و چوەتە دەرەوەى وڵات.

بەپێی بەدواداچونەكان، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەندازیاری گەڕاندنەوەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ ناو یەكەی حوكمڕانی بنەماڵەی بارزانی.

چەند كەسێك لە نزیكەكانی تاڵەبانی كە قسەیان لەگەڵ كراوە، لەبارەی دۆستایەتی تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكەن، ئەوكات تاڵەبانی باوەڕی وابووە نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا كە جیاواز بیردەكاتەوە‌و ئەوان (یەكێتی) دەتوانن سودی لێ ببینن بۆ لێدان لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی‌و هێنانەدی هەندێك كرانەوەی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا.

نێچیرڤان بارزانی لە چەندین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی "مام جەلال" كردووە لەسەر گەشەی كەسایەتی ئەو، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هەمان رۆڵ بۆ (قوباد تاڵەبانی) كوڕی جەلال تاڵەبانی بگێڕێت. (زانیارییەكان باسلەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بینیووە لە راكێشانی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو حكومەت‌و گەڕاندنەوەی لە ئەمریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا ئەو دوو كارەكتەرە دۆستایەتییەكی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە).

ساڵی 1996 بۆ یەكەمینجار نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەوە حكومەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەدوای رووداوەكانی (31)ی ئاب، رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكایەتی حكومەتەكەی دەكرد، واتە نێچیرڤان بارزانی سەرەتای كاركردنی لەناو حكومەت بە سێ ساڵ كاركردن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكرد.

ساڵی 1999 پارتی جارێكی تر حكومەتی لە زۆنی خۆی دروستكردەوە، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی كرا بە سەرۆكی حكومەتەكە، ساڵی 2005 یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر كۆتایهێنان بە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان‌و بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەن، لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەتی پارتییەوە بوو بە سەرۆكی حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان‌و حوكمدارێتییەكەی بەردەوام بوو تاوەكو مانگی تەموزی ئەمساڵ)، واتە بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 1999 وە بۆ 2019 سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵ كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە لەنێوان (2010 بۆ 2012).

 

نێچیرڤان بارزانی لە لوتكەدا !

لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی گەورەی ئابوری بەدەستەوە بووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كارەكتەری ژمارە (یەك)ی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەمیشە سێبەری مەسعود بارزانی مامی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەمە جگە لە دامەزراوەی پەرلەمان كە بەمدواییە‌و دوای دروستبوونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن بەهێز بە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە پاڵ سەرۆكایەتی هەرێمدا سێبەری خستەسەر دەسەڵاتەكانی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا.

ئەوەی لەماوەی دورودرێژەی سەرۆكایەتی حكومەت پێی نەگەیشت، لە كۆتایی دەسەڵاتەكەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت پێی گەیشت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای ریفراندۆم‌و روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر بوو بە كارەكتەری ژمارە (یەك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە، لە رۆژی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە عێراق رێژەی 51%ی خاكەكەی لەدەستدا، ئەمە‌و فشارە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان مەسعود بارزانیان ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكێشێتەوە،  بارزانی لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لەكاركێشایەوە‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسایەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرا (زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم درا بە سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانی).

لێرە بەدواوە نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا بووە بە خاوەنی زۆرترین دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەی بەهێز تر بوو، دیپلۆماتكاران كە بەهۆی ریفراندۆمەوە بە مەسعود بارزانی نیگەران بووبوون، پەیتا پەیتا سەردانی‌و دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی خۆشی هەستی بەمەترسی توڕەبوونی مەسعود بارزانی مامی دەكرد‌و هەواڵی ئەو دیدارە سیاسییانەی پشتی پەردەی لە كەناڵەكەیەوە (رووداو) بڵاونەدەكردەوە، بۆ خوبەدورگرتن بە توڕەبوونی مامی.

لەو ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی گەیشتە لوتكە، تەنانەت  بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی پارتیش وەكو "ئەندازیاری هەستانەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم" وەسفیان دەكرد‌و وەكو "دیپلۆماتكارێكی گەورە" ناویان دەبرد، ئەوكات پارتییەكانیش چاویان لەسەر جموجوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بوو.

 

سەرەتای كوژراندنەوەی نێچیرڤان

لەدوای پاشەكشەی بارزانی باوكەوە، زەمەنی درەوشانەوەی نێچیرڤان بارزانی زۆری نەخایاند، هەرزوو بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) هاتە ناو گۆڕەپانەكەوە.

مەسرور بارزانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا بۆ یەكەمینجار بەهێزەوە هاتەبەردەم جەماوەری حزبەكەی، لەبری باوكی لە زۆربەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەشدار دەبوو، لەو كاتەوە پلانی لە قاڵبدانی نێچیرڤان بارزانی دەستیپێكرد، سەرەتاش بە هەوڵی بەمەرجەعكردنی بارزانی باوك (مەسعود بارزانی) دواتریش بە خۆكاندیدكردنی بارزانی كوڕ (مەسرور بارزانی) بۆ سەرۆكی حكومەت.

ئێستا كە نێچییرڤان بارزانی ماوەی نزیكەی سێ مانگە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستبەكاربووە، مەسعود بارزانی هەمان مومارەسەی كاری پێشتری خۆی دەكات وەكو سەرۆكی هەرێم، لەناو هەمان تەلارو لە هەمان پێگەوە دیداری سیاسی ئەەنجام دەدات، نێچیرڤان بارزانیش هێشتا دیارنییە لە چ بینایەكدا سەرۆكایەتییەكەی دەكات. 

مەسرور بارزانیش دەستی نێچیرڤانی لە حكومەتدا بڕیوە، واتا بە باوك‌و كوڕ هیچ دەسەڵاتێكیان بۆ برازا (نێچیرڤان بارزانی) نەهێشتوەتەوە.

 

ریشەكێشكردنی نێچیرڤان لە حكومەت

مەسرور بارزانی تەنها كۆتایی بە هەژمونی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی نەهێناوە لە حكومەتدا، رەگوریشەی نێچیرییەكانی لە حكومەت هەڵكێشا، مەسرور بارزانی كە هات لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك دەموچاوی نوێی هێنا‌و لەبەرامبەردا تیمی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت دورخستەوە، كە زۆربەیان تەمەنیان لەگەڵ تەمەنی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانیدا بوو. مەسرور بارزانی بە ستافێكی تۆكمەی دەوری خۆی كۆنترۆڵی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد، بەمشێوەیە:

•    رێبەر ئەحمەد- وەزیری ناوخۆ
•    شەعبان شەعبان چالی- بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران
•    ئومێد سەباح - سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
•    د. محەمەد شوكری محەمەد سەعید- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان
•    د. عەبدولحەكیم خەسرۆ- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون
•    د. جوتیار عادل ئاكرەیی - وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
•    نورەدین سەعید وەیسی- بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران
•    ئالان حەمە سەعید- وەزیری پەروەردە
•    سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی
•    ساسان عەونی- وەزیری شارەوانی
•    ئانۆ جەوهەر- وەزیری گواستنەوە
•    پشتیوان سادق- وەزیری ئەوقاف
•    كەمال محەمەد- وەزیری كارەبا


ئەوانەی كە سەربە نێچیرڤان بارزانی بوون‌و لەم كابینە نوێیەدا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دورخراونەتەوە بریتین لە ئەمانەن:
•    كەریم سنجاری- وەزیری ناوخۆ
•    فەلاح مستەفا- پەیوەندییەكانی دەرەوە
•    نێچیرڤان ئەحمەد- سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
•    نوری عوسمان- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون لەئەنجومەنی وەزیران
•    دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان 

نێچیرڤان بارزانی لە حزبدا

دوای لەدەستدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیچێرڤان بارزانی وردە وردە پێگە حزبییەكەشی بەرەو لاوازبوون دەچێت.

دواین كۆنگرەی پارتی لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، ئەوە كۆنگرەی (13)ی حزب بوو، لەم كۆنگرەیەدا بە تەزكییەی مەسعود بارزانی‌و بەبێ دەنگدان نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی پارتی، بەڵام جێگرێك بەبێ پەڕو باڵ، چونكە هەر لەو كۆنگرەیەدا زۆربەی دۆستەكانی نێچیرڤان لە پۆستە حزبییەكان دورخرانەوە لەوانە: (رەشید تاهیر، نوری عوسمان، سەرباز هەورامی و چەندین كارەكتەری سیاسی تر)، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە كاتێك بابەتەكە دەگاتە چارەنوسی خۆی، هاوڕێكانی لە نیوەی رێگا بەجێدەهێڵێت.

بەهێزی پێگەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی كاریگەری لەسەر پێگەو رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لە داهاتوودا (ئەگەر پارتی كۆنگرەی 14ی گرێبدات كە لەوادەی دیاریكراوی خۆی دواكەوتووە)، لاوازبوونی پێگەی نێچیرڤان لەناو پارتیدا بەشێكی بەهۆی ترسی پارتییەكانە لە هەژمونی ئەمنی مەسرور بارزانی، بەشێكی تری پەیوەندی بەوەوە هەیە متمانەیان بە نێچیرڤان بارزانی لەدەستداوە‌و ترسیان هەیە لەنیوەی رێگاكەدا بەجێیان بهێڵێت.

ئێستا نێچیرڤان بارزانی دەستی لە حزب‌و حكومەت بەتەواوی كورتكراوەتەوە، تەنها پۆستێكی پرۆتۆكۆڵی تەشریفاتی بۆ ماوەتەوە، كە بەشی زۆری ئەركەكەی  مامی (مەسعود بارزانی) دەیگێڕێت. 

 

دارایی نێچیرڤان لەبەردەم مەترسیدا

پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ لەئاستی حزب‌و چ حكومەت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ دوو بانك دەكات:

•    بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی‌
•    ئاڕ تی بانك
ئێستا كە مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت دەستبەكاربووە، زیاتر (ئاڕ تی بانك) بەلای پارتیەكانەوە جێگەی سەرنجە، بەوتەی پەرلەمانتاران مانگانە لەپارەی داهاتی نەوت كە ئاڵوگۆڕی دراوی تایبەت بە داهاتی نەوت دەكرێت نزیكەی (35 ملیۆن) دۆلار قازانج دەكرێت. 

گەشەپێدان‌و گەورەكردنی (ئاڕ تی بانك) بۆ لێدان بوو لە (بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی) كە ساڵانێك لەپەنای نێچیرڤان بارزانیدا گەورەبووە‌و بووە بەیەكێك لەبراندە گەورەكانی عێراق لەبواری بانكیدا‌و قازانجێكی خەیاڵی كرد.

ئێستا (ئاڕ تی بانك) لە پەنای مەسرور بارزانیدا دەیەوێت رۆڵی ساڵانی رابردووی (بانكی كوردستان) بگێڕێت، بەم هەنگاوە نێچیرڤان خاڵی بەهێزی خۆی لەدەستدەدات كە دارایی‌و گەمەكردنە بە سەرمایە بۆ راگرتنی سیاسەت، خاڵێك كە نێچیرڤان بارزانی پێناسەی تایبەتی خۆی بۆی هەیە‌و پێیوایە "هەر كەسێك كە نەكڕدراوە، نرخی خۆی پێنەدراوە".

نێچیرڤان‌و دەسەڵاتی ئەمنیی 

بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد وابەستەیە بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە. واتە ئێستا كە مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆكی حكومەت بەپێی یاسا دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمدا بێت.

بەڵام ئەو ئەنجومەنە لەدوای رۆشتنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت تائێستا نە سەرۆكی دانراوەو نە ئەنجومەنەكەش رادەستی سەرۆكایەتی هەرێمكراوە.
مەسرور بارزانی ئەنجومەنی ئاسایشی بەتەواوی كارمەندو دامەزراوەكەوە لەگەڵ خۆیدا بردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌و دەیەوێت بە یاسایەكیش لەداهاتوودا لەژێر دەستی سەرۆكایەتی هەرێم دەریبهێنێت‌و بیخاتە سەر ئەنجومەنی وەزیران. 

ئێستا نێچیرڤان بارزانی جڵەوی دەسەڵاتی (پارە، نەوت، هێز، ئاسایش، دەرەوە، ناوخۆ)ی لەدەستدا نەماوە، ئەوەی كە بۆی ماوەتەوە تەنیا توانا بەهێزەكەی خۆیەتی لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە سەختەكان‌و گەڕانەوە بۆ ناو گەمەكان دوای كردنەدەرەوەی. 

سەرچاوە/ درەومیدیا

6742 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations