سەبارەت بە ڕاژەی فەرمانبەران حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد

07.09.2019

لڤین:

فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی بەرێكردنی كارەكان و رێگری كردن لە هەڵە و كەمتەرخەمی بۆ مەبەستی ئەژماركردنی گشت جۆرەكانی خزمەت چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بەپێی نوسراوێكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، كە رۆژی ( ٢١ / ٨ / ٢٠١٩ ) دەرچووە ئاماژە بەوەكراوە" بە مەبەستی بەرێكردنی كارەكان و رێگری كردن لە هەڵە و كەمتەرخەمی بۆ مەبەستی ئەژماركردنی گشت جۆرەكانی خزمەت چەند بڕیارێك دەركراوە".

فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەژماری خزمەتی فەرمانبەرێتی ئاشکرای کردوە" دەبێت پوختەی راژەی پەسندكراو و دروست و فەرمانی دامەزراندن و گەڕانەوەی فەرمانبەرەكە لەگەڵ گشت بەراییەكانی رەسەن بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێت، هه‌روه‌ها سەبارەت بە ئەژماری خزمەتی ماوەی فەرمانبەری گرێبسەت، بە پێویست داندراوە وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و گرێبەست و فەرمانی رەزامەندی وەزارەتی دارایی لە لیستی هاوپێچ هەبێت كە بۆ ئەنجومەنی رەوانە دەكەن".

سەبارەت بە خزمەتی كەرتی تایبەتی ئەندازیاری، لە نوسراوەکەدا هاتوە" بۆ ئەژماری خزمەتی كەرتی تایبەتی ئەندازیاری، پێویستە وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیری ئەنجومەنی سەندیكا و پشتگیری كۆمپانیا و گشت بەراییەكانی ئەو پڕۆژانەی كاری لەسەر كردووە بنێردرێت، لە بارەی ئەژماری خزمەتی پارێزەرایەتی، هاتووە "دەبێت وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیری سەندیكای پارێزەران و گشت بەراییەكانی تایبەت بەو داوا دادوەریانەی كاری لەسەر كردووە رەوانە بكرێت".

سەبارەت بە ڕۆژنامەنوسانیش به‌پێی بڕیاره‌كه‌" بۆ ئەژماری خزمەتی رۆژنامەنوسی تاوەكو بخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەری دەبێت وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیری سەندیكای رۆژنامەنووسان و ئەو دەزگایەی كاری رۆژنامەنوسی لێكردووە بنێردرێت".

پەیوەست بە ئەژماری خزمەتی كەرتی تایبەت، جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌" بەو مەرجە دەكرێ كەوا وێنەی رەسەنی بەڵگەنامەی پێویست بۆ پشتگیری تایبەت بە وەرگرتنی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێت و بۆ ئەژماری خزمەتی ئاوارەیی ئێران، پێویستە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ،بەرێوەبەرایەتی­ كۆچ و كۆچبەران نوسراوەكانی تایەبت بەو بابەتەیان ئاڕاستە بكرێت، هەروەها بۆ ئەژماری خزمەتی پێشمەرگایەتی دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە بهێندرێت بەو مەرجەی بەراییە رەسەنەكانیشی لەگەڵ بێت".

سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی پێشتر دۆسیەیان فەوتاوە، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌" كاتێك نوسراو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت پێویستە وێنەی رەسەنی فۆڕمە سوتاوەكان بەڵگەنامە و زانیاری تەواو رەوانە بكرێت، گواستنەوەی ئەو راژانە بۆسەر خزمەتی فەرمانبەری هەم بۆ گۆڕینی ناونیشان و زیادكردنی مووچەیە، هەروەها بۆ خانەنشینیش سودی لێوەردەگیرێ".

13666 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations