لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بڵاوكردەوە

07.09.2019

لڤین:  
بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، پەیامێكی بەبۆنەی دیاری كردنی رۆژی كۆنگرەی یەكێتی بڵاو كردەوە داوادەكات گفتوگۆ و پرۆژە و پێشنیار بۆ كۆنگرە كۆبكرێتەوە. 

لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، لە پەیامێكیدا بەبۆنەی دیاریكردنی رۆژی 7ی كانونی یەکەم بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وتی: ئەم كۆنگرەیە، پێویستی بە هۆشیاریی تەواو هەیە. ئێستا كە هەموومان لەبەردەم‌ بەردەبازێكی گرنگ و چارەنوسسازداین. 

ناوبراو لەو پەیامەیدا هیواشی خواستووە: لەمڕۆوە، گفتوگۆ و پرۆژە و پێشنیارەكانتان، بۆ پتەوكردنی زیاتری پایەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتبەستوو بە ئەزموون و زانست و چاوەڕوانی خواستەكانی خۆتان و خەڵكی كوردستان گەرموگوڕتر جۆشبدەن. 

دەقی پەیامەكە: 

خوشك و برایانی بەڕێز:-

ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەربەستەكانی تێكشاند، پێی نایە قۆناغێكی نوێ و چارەنوسساز، رێی نوێبونەوەی گرتەبەر، و ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری دا، یەكێتیی نیشتمانیی، رۆژی ٧ی ١٢ی ٢٠١٩، چوارەمین كۆنگرە ببەستێت. 

بەم بۆنە گرنگەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە كەسوكاری شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كادر و رێكخستن و جەماوەر و رۆڵە تێكۆشەر و سەوزپۆشەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم. كە ساڵانێكە چاوەڕوانی بڕیاری وا گرنگن و سەرئەنجام، ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەمان راستەڕێكەی هەڵبژارد. 

هەڤاڵان، سەرخستنی ئەم كۆنگرەیە، پێویستی بە هۆشیاریی تەواو هەیە. ئێستا كە هەموومان لەبەردەم‌ بەردەبازێكی گرنگ و چارەنوسسازداین، پێویستە ئەو راستییە لەبەر چاو بگرین كە ئەم كۆنگرەیە، لەغیابی مامی گەورەمان، مام جەلال، دامەزرێنەر و سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)، و رابەری مێژووكردی گەلەكەمان بەڕێوەدەچێت. بۆیە بۆ دەربازكردنی قۆناغەكه و رەچاوكردنی هەستیارییەكانی‌، پێویستە هەموو لایەكمان كۆنگرە بكەینە هەوێنی كۆكردنەوەی تەواوی بیر و بۆچونە جیاوازەكان، یەكخستنی هەڵوێستەكان، نوێكردنەوەی حیزبی شەهیدان، ئەمەش لەپێناوی بوژاندنەوەی خانوە قوڕەكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كاركردن بۆ پتەوكردنی دیموكراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنوسین كە لە بنەمادا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ دروست بووە. 

تێكۆشەرە دێرین و گەنجە دڵسۆزەكان!

هیوادارم لەمڕۆوە، گفتوگۆ و پرۆژە و پێشنیارەكانتان، بۆ پتەوكردنی زیاتری پایەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتبەستوو بە ئەزموون و زانست و چاوەڕوانی خواستەكانی خۆتان و خەڵكی كوردستان گەرموگوڕتر جۆشبدەن. و بە رەچاوكردنی دیسپلین و رێكارە حزبی و رێكخراوەییەكان، هەموو هەڤاڵان، لە هەموو ئۆرگان و دەزگاكان، بەشداری بكەن لە دەوڵەمەندكردن و نوێكردنەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام، و لە پێشنیاركردنی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، رۆڵی بەرچاو ببینن و دەستپێشخەر بن لە نوێكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا.

یەكێتییەكی بەهێز، كوردستانێكی بەهێزتر دروست دەكات، و كۆنگرە ئەو قۆناغەیە كە ئەگەر بە هۆشیاری و بە دڵسۆزی و یەكێتییانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین، دەتوانێت ئایندەیەكی باشتر بۆ یەكێتیی و كۆدەنگیی و خۆشگوزەرانیی بۆ گەلەكەمان زامن بكات. 

لاهور شێخ جەنگی

5558 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations