قائیمقامی سلێمانی: خانووی گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كان ده‌بێت به‌ خشتی ناوخۆیی روپۆش بكرێن

03.09.2019

لڤین:
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، خاوه‌نی كارگه‌كانی خشتی سلێمانی پابه‌ندبوونی خۆیان نیشان دا بۆ دروستكردنی ئه‌و جۆره‌ خشته‌ی له‌ خانووه‌ كۆنه‌كانی سلێمانیدا به‌كارهاتووه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ر خانوویه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كاندا دروستكرایه‌وه‌ به‌و جۆره‌ خشته‌ روپۆش بكرێن.

لە راگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ (لڤین پرێس) نێردراوە تێیدا هاتووە، ئه‌مرۆ 3-9-2019  قائیمقامی سلێمانی به‌ به‌شداری نوێنه‌ری شاره‌وانی سلێمانی و شوێنه‌وار و پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان و ئاسایش و كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سلێمانی و لیژنه‌ی پاراستنی شوێنه‌وار له‌گه‌ڵ خاوه‌نی كارگه‌كانی دروستكردنی خشت كۆبووه‌وه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ درێژه‌دانه‌ به‌كاری لیژنه‌ی پاراستنی شوێنه‌وار و ده‌مانه‌وێت رێگه‌ بگرین له‌ دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوو له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سلێمانیدا به‌جۆرێك كه‌ سیمای كه‌له‌پوری شاری سلێمانی تێك بدات،  وتیشی ده‌مانه‌وێت هه‌مان ئه‌و خشته‌ی كه‌ له‌ خانووه‌ كۆنه‌كانی سلێمانیدا به‌كارهاتووه‌ دروستبكرێته‌وه‌ و له‌و خانووانه‌دا به‌كاربهێنرێن كه‌ ئێستا له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كاندا دروست ده‌كرێنه یان نۆژه‌ن ده‌كرێنه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ هه‌ر كه‌سێك خانوی نیشته‌جێ یان بازرگانی له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سلێمانیدا دروست بكات یان نۆژه‌ن بكاته‌وه‌ ده‌بێت به‌و جۆره‌ خشته‌ ناوخۆییه‌ كه‌ له‌ سلێمانی دروست ده‌كرێت روپۆشی بكات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ده‌ر له‌و خشته‌ رێگه‌ نادرێت به‌هیچ ماده‌یه‌كیتر خانووه‌كان روپۆش بكرێن.

86 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations