رۆژنامه‌، پارچه‌ كاغه‌زه‌ بێ خێر و خێرداره‌كه‌

02.09.2019

 لڤین: لە هەژماری/ لوقمان غه‌فوور و پێشه‌وا شێخ ره‌ئوف

زۆرجار به‌رپرسه‌ باڵاكانی كوردستان و به‌چكه‌ به‌رپرسه‌كان شانازی به‌ نامه‌ گۆڕینه‌وه‌كانیان ده‌كه‌ن. شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن دیالۆگ له‌نێوانیان دروست بێت. هه‌ندێك جار ئارتیفیشه‌ڵ-یانه‌ (موزه‌یه‌فانه‌) یان دروستكراوه‌. به‌ڵام ئێمه‌ پێكه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی ئاگامان له‌خۆمان بێت پێكه‌وه‌ ئه‌م دیالۆگه‌مان بۆ دنیای رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ڵچنی. ئێمه‌ دوو بیركردنه‌وه‌ی جیاوازمان هه‌یه‌ بۆ نووسین. بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی و ته‌نانه‌ت به‌رپرسیارێتی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا. چونكه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان ره‌نگ و بۆنی نوسین و رۆژنامه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بینین كه‌ له‌یه‌ك ناچین. ئاست و توانای قه‌ڵه‌مه‌كانیشمان جودایه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا دوو دنیای رۆژنامه‌گه‌ریی نیشانده‌ده‌ین. دنیایه‌ك رۆژنامه‌ به‌موڵكی خۆی ئه‌زانێت و دنیایه‌كی دیكه‌ش رۆژنامه‌ وه‌ك به‌شێكی زیاده‌ له‌ كه‌لچه‌ر ده‌زانێت.

پێشه‌وا: بالموناسه‌به‌، بارودۆخی رۆژنامه‌ی كاغه‌ز و گۆڤار له‌ ئه‌مریكا چ دۆخێكدایه‌؟

لوقمان: كاك پێشه‌وا خه‌ڵك به‌گشتی نایه‌ڵێت له‌ناو بچێت... من دوو براده‌ری ئه‌مریكیم هه‌یه‌، ئیشتراكی چوار رۆژنامه‌ی رۆژانه‌یان هه‌یه‌، تا ڕاده‌یه‌ك به‌س چاوی پێدائه‌خشێنن. شه‌وێكیان میوانی یه‌كێكیان بووم، وتم: كه‌ ئێوه‌ نایخوێننه‌وه‌ بۆچی ئیشتراكی ئه‌كه‌ن؟ وتی: نامانه‌وێت ئه‌م میدیا به‌هێز و زه‌به‌لاحانه‌ بكه‌ون. وتیشی: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئیشتراك نه‌كه‌ین و یه‌كێكی تر نه‌یكات، ئه‌م ده‌زگایانه‌ ئه‌كه‌ون. هه‌ر بۆ زانیاریت هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ رۆژنامه‌كه‌شی ناوێت، به‌ڵام وه‌ك خێر (دۆنه‌یشن) پاره‌ ئه‌به‌خشێت به‌ ده‌زگاكان.

پێشه‌وا: لەو ماوەیەی پێشوو، ڕۆژنامەیەکم لوول کردبوو بەدەستمەوە بوو، لەناو بازاڕ چوومە دوکانێک، گەنجێکی لێ بوو، زۆر بەسەر سوڕمانەوە تەماشای کردم، پرسیارم لێی کرد، وتی: ئەوە جەریدە ماوە؟ وەڵاهی دە ساڵیشە نەمبینیووە. جا خەڵکی ئێرە هەر لەبنەڕەتا خۆی خوێنەرنییە، یان ڕۆژنامەمان خۆش ناوێت، لەشوێنێکی وەکو چەمچەماڵ، ڕۆژانە و هەفتانە چەند ڕۆژنامەیەکی بۆ دێت، هەندێ لە ڕۆژنامەکان بەلاشن و بەخۆڕایین، بەڵام کەس نابینم بیان بات. برادەرێک پێی زانیبوو بەخۆڕایین، ئەیوت هەندێ بەرم بۆ شووشە سڕینەوە.

لوقمان: گوناهه‌ رۆژنامه‌ به‌خۆرایی بێت و نه‌یخوێنیته‌وه‌. له‌م شاره‌ی منی لێده‌ژیم دوو رۆژنامه‌ به‌خۆڕاییه‌ ، هه‌ردووكیان هه‌فتانه‌ ده‌رده‌چن. له‌و شوێنانه‌ی كه‌ داده‌نرێت یه‌ك دانه‌ی نامێنێته‌وه‌ و ده‌برێن بۆ خوێندنه‌وه‌. به‌ هه‌زاران كه‌س هاوكاری و پاره‌ی خێر ده‌دات به‌و دوو رۆژنامه‌یه‌.

90 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations