لایەنە سیاسیەکانی هەڵەبجە لەسەر پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکە رێکەوتن

02.09.2019

لڤین:
بەیانی ئەمرۆ لایەنە سیاسیەکانی پاریزگای هەڵەبجە لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە کۆبونەوە و لەسەر پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکە رێکەوتن.

دوای کۆبوونەوەکە، ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە کۆبوونەوە و سەرجەمیان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاکە. کە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ کاری پێکەوەیی.

راشیگەیاند، دەبێت لایەنەکان تا ٥ى ئەیلول سەرجەم کاندیدەکان و ناوەکانیان پێشکەشى پارێزگا بکەن، بۆئەوەی لە ویوە بنێردرێت بۆ وەزارەتى ناوخۆ و ئەنجومەنى وەزیران دواتر بەرزیبکەنەوە و رێچکەی یاساییی جێبەجێدەکرێت.

بەپێی یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە کە لە ساڵی (2015) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، ئەنجومەنی پارێزگاکە پێکدێت لە (25) ئەندام و بە بڕیاری سەرۆک وەزیران دادەمەزرێت.

لەبارەى پشکى لایەنەکان، ئازاد تۆفیق روونیکردەوە، ئەمرۆ لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان رێکەوتن، دواتر لایەنەکان لەسەر پشکى ئیداریی ناحیەى و قەزا و قائیمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان رێکدەکەون.

پشکی لایەنەکان بە پێی رێکەوتنی 12-3-2107 دەبێت کە یەکێتی شەش ئەندام، گۆران پێنج ئەندام، یەکگرتوو چوار ئەندام، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئسلامی سێ ئەندامیان بەردەکەوێت، بزوتنەوەی ئیسلامی دوو ئەندام حزبی شیوعی و سۆسیالیست یەک کورسی و کورسیەکیش بۆ پێکهاتەکان دەبێت.

سەبارەت بە گرنگی بوونی ئەو ئەنجومەنە ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد، بونی ئەنجومەنی پارێزگا لەهەر پاریزگایەکدا داینەمۆی کارەکانی پارێزگاکەیە.

290 جار بینراوە

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations