رێگرییەکان نازداری ناچارکردووە کارەکەی لە خانەوادەکەی بشارێتەوە

02.09.2019

لڤین: کۆچەر عەزیز

"خولیا و حەزی من بۆ کارەکەم وایکرد هەموو هەڕەشە و رێگرییەکان نەتوانن رێگر بن و من بەردەوام بووم لە کارکردن" ئەمە وتەی نازداری تەمەن ٢٣ ساڵانی رۆژنامەنووسە.
نازداری تەمەن ٢٣ ساڵ لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە خولیای هەیە بۆ کاری راگەیاندن، سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا رۆژنامەنووسە، بەڵام رێگری زۆری لێکراوە بۆ کارەکەی.
نازدار، هەرچەندە دەرچووی بەشی راگەیاندن نییە، بەڵام خۆشەویستی بۆ کاری رۆژنامەنوسی هەیە و دەڵێت "سەرەڕای بەربەست و رێگرییەکان توانیویەتی حەز و ئارەزووەکەی بەدی بێنێت و کاری رۆژنامەنووسی دەکات".

نازدار دەڵێت "لە ساڵی ٢٠١٨ـدا بەشداری خولێکی رۆژنامەوانیم کرد، و لەو رێگەیەوە فێری نووسینی راپۆرت و هەواڵ بووم، دواتر دەستم بە کاری راگەیاندن کرد، بەڵام کەمتر کاری مەیدانیم دەکرد، تەنها بۆ میدیای نووسراو کارم دەکرد".

ئەو دەڵێت "خولیا و حەزی من بۆ کارەکە وایکرد هەموو هەڕەشە و رێگرییەکان نەتوانن رێگر بن و من بەردەوام بووم لە کارکردن، بەڵام ئەمساڵ دوای چوونم بۆ کارێکی مەیدانی، کە گەڕامەوە براکەم پێیووتم ئەگەر جارێکی دیکە بۆ ئەو کارە چوویتە دەرەوە، ئیدی نەگەڕێیتەوە ماڵەوە".

ئەو بەنیگەرانیەوە قسەی براکەی دەگێڕایەوە و دەڵێت "پێیووتم هەر کچێک کاری راگەیاندن بکات تێروانینی خراپی لەسەرە".

ئێستاش بەدزی ئەوان کاردەکەم و تەنها دایکم و خوشکەکەم دەزانن، هەرچەند هەوڵمداوە تێیانبگەیەنم کە هەموو کەسێکی میدیاکار بەو شێوەیە خراپ نییە

ئەم رێگرییانە نازداری ناچارکردووە کارکردنی لە براکەی بشارێتەوە و "بەدزییەوە" کاری رۆژنامەنووسی بکات و دەڵێت "ئێستاش بەدزی ئەوان کاردەکەم و تەنها دایکم و خوشکەکەم دەزانن، هەرچەند هەوڵمداوە تێیانبگەیەنم کە هەموو ئافرەتێکی میدیاکار بەو شێوەیە خراپ نییە، بەڵام ئەوان هەر سوورن لەسەر وازهێنانم، منیش ناتوانم وازبێنم، چونکە ئەوە خولیای خۆمە و بەردەوام دەبم".

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەمجارە لەلای کەسوکارەکەی ئاشکرا بێت، نازدار دەڵێت "چی دەکەن من هەر بەردەوامم، بەرەنگاریان دەبمەوە و تەحەدایان دەکەم، بۆ داهاتووش خوا دەزانێت چی روودەدات".

هەرچەندە لێرە و لەوێ میدیاکارانی ژن لەلایەن خێزانەکانیان رێگرییان لێدەکرێت، بەڵام بەبڕوای رێکخراوەکانی داکۆکیکردن نەبووە بە دیاردە. رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ ووتی "تائێستا هیچ کەسێک نەهاتووە بۆ لای ئێمە و بڵێت خێزانەکانمان رێگرە لەوەی کاری میدیایی بکات، بەڵام ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین، چ بە کردنەوەی خولی تایبەت بێت یان قسەکردن لەگەڵ خێزانەکانیان، جگە لەوەش کارکردنی خانمان هۆکارێکە بۆ پاڵپشتکیردنی خانەوادەکان لەڕووی ئابوورییەوە".

بە وتەی رێکخەری سەنتەری میترۆ "رەنگە رێگری بەشێک لە خانەوادەکانیش بۆ ئەو پڕوپاگەندەیە بگەڕێتەوە کە لەسەر میدیا و میدیاکاران بڵاوبووەتەوە کە هەراسانکردنی سێکسی هەیە، یاخود رێز لە میدیاکاری کچ ناگیرێت، لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتی خێڵەکی  و سیاسی دەستی لەوەدا هەیە کە کارکردن لە میدیادا سووک بکریت، ئامانجیش ئەوەیە کە میدیا کاریگەری لەسەر رایگشتی نەمێنێت".

تائێستا نازدار سەردانی هیچ سەنتەر یان رێکخراوێکی نەکردووە تا کێشەکەی خۆی باس بکات، کاتێک هۆکاری ئەوەمان لە نازدار پرسی، وتی " تائێستا سەردانی هیچ سەنتەر و رێکخراوێکم نەکردووە، سەنتەر و رێکخراو بڵین چی کە ئێمە خێزانەکانی خۆمان ئەوە بیرکردنەوەیان بێت".

رێگریکردن لە کار دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژی ئابوورییەوە، چەندین کێشەی وامان هەیە و لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە

وەک رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت "سەردانی نەکردنی ئەو کچ و ژنانە بۆ ئەو سەنتەرانە رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەو کەسانە شەرم بکەن یان لای خێزانەکانیان ناویان بزڕێت".

لەبارەی رێگریکردن لە کارکردنی ژنانیش، هیوا کەریم، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی رایگەیاند "رێگریکردن لە کار دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژی ئابوورییەوە، چەندین کێشەی وامان هەیە و لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، چونکە لەئێستادا ژنان دەیانەوێت کاربکەن و کارکردنی ژنان زۆر زیاتر بووە لە دەرەوە، بۆیە ئەو حاڵەتانە و رێگرییەکانیش زۆرتر دەبن".

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کارکردن مافی ئاسایی هەموو تاکیکە لە کۆمەڵگەدا. محەمەد گۆمەشینی، گووتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش دەڵێت "کارکردنی تاک لە جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و کۆی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کار و ئازادی مافی مرۆڤ باسکراوە، بەمەرجێک تەمەنی کەسەکە گەیشتبێتە ١٨ ساڵ و دوای ئەوە دەبێت هەلی بۆ بڕەخسێت".

گۆمەشینی وتیشی "بەڵام بەبیانوی کولتوور و عادەت رێگە لە کارکردنی هەندێک کەس دەگیرێت، بەتایبەت ژنان، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی هەرکەس توانا و بەهرەیەکی هەبێت بۆ کارکردن رێگری کارکردنی لێبکرێت دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ".

رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانیش پێیانوایە رێگریکردن لە کارکردنی ژنان لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە. تەلار کەمال، بەرپرسی بەشی جێندەری توندوتیژی لە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی مافی مرۆڤ (DHRD)کە رێکخراوێکە کار لە کەیسەکانی ژنان دەکات وتی "رێگریکردن لە کچان و ژنان دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژی ئابووری، ئێمەش چەندین کەیسمان هەیە لەو شێوەیە، بەشێک لە خێزانەکان و و هاوسەرەکان رێگری لە کچان و ژنان دەکەن، کە خاوەنی کاری خۆیان بن و ناهێڵن کار بکەن".

لە ساڵی ١٩٩٨ـوە تائێستا هەشت هەزار و ٦٠٠ رۆژنامەنووس لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون لەو رێژەیەش هەزار و ٩٦٠ رۆژنامەنووسیان کچ و ژنن، بەڵام سەرجەم ژنان و کچان ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە

دەشڵێت "ئێمە بەپێی جۆری کەیسەکەی رێگەچارەی بۆ دادەنێین لەڕێگەی گفتوگۆوە، تا بگاتە بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و زۆرجاریش پێویستی بە راوێژکاری یاسایی و دەروونی هەیە، و ئێمە بۆی دابین دەکەین".

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسان لە ساڵی ١٩٩٨ـوە تائێستا هەشت هەزار و ٦٠٠ رۆژنامەنووس لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراون لەو رێژەیەش هەزار و ٩٦٠ رۆژنامەنووسیان کچ و ژنن، بەڵام سەرجەم ژنان و کچان ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە.

هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت "تائێستا هیچ سکاڵایەک لای ئێمە تۆمارنەکراوە کە رێگری لە ژنێک یان کچێک کرابێت بۆ کارکردن، بەڵام حاڵەتی وا هەیە ئێمە دەیبیستین رێگری لە رۆژنامەنووس کراوە بەتایبەتیش ئەو رۆژنامەنووسانەی لەسەر شاشەی تیڤییەکان دەردەکەون، خێزانەکانیان دوای چەند جارێک دەرکەوتن لە شاشە ناچاریان کردوون واز لە کارکردنی میدیایی بهێنن".

نازدار، نموونەی چەندین کچ و ژنی کۆمەڵگەی کوردییە کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە رێگریان لێدەکرێت بۆ کارکردن و رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە.

تێبینی: نازدار ناوێکی خوازراوە.
ئەم راپۆرتە بۆ رێکخراوی "Internews" لەبارەی هەستیاری جێندەری ئامادە کراوە .

1398 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations