بڵێسە جەبار فەرمان: به‌هۆی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئێستا هه‌ر باسی موچه‌یه‌ و باسی مافه‌كانی ترمان ناكرێت

29.08.2019

لڤین:

ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ ڕاده‌ستی به‌غدادی بكردایه‌، بۆئەوەی ئەوان لە بودجەی 2020 توشی کێشە نەبن و بتوانن داوای مووچەی فەرمانبەران بکەن، دەشڵێت" به‌هۆی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئێستا هه‌ر باسی موچه‌یه‌ و باسی مافه‌كانی ترمان ناكرێت".

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەڵێت:  یاسای بودجه‌ی عیراقی بۆ ساڵی 2019 كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت یه‌كێك له‌و بڕگانه‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ كه‌ ئه‌مه‌ "زامن كرا " له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌ وه‌كو نیه‌ت پاكیه‌ك بۆ هه‌رێم و فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ ڕاده‌ستی به‌غدادی بكردایه‌، ڕاسته‌ هه‌ندێك له‌وه‌ پاره‌ی كۆمپانیاكان و هه‌ندێك شتی تره‌، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ له‌یاساكه‌دا هاتووه‌ ده‌بووایه‌ هه‌ردوو لا ( هه‌رێم و به‌غداد) پابه‌ند بن،ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقدا لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان واژۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ دژی ئه‌وه‌و ده‌ڵێن ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌و یاسایه‌ ڕابگرین وه‌ دووباره‌ پێیدا بچینه‌وه‌."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسیلەوەشکرد" ئێمه‌ ده‌بێت بڕیار بده‌ین كه‌ سه‌ر به‌عیراقین و به‌وشێوه‌یه‌ بین كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌وێوه‌ دێت و ئێمه‌ش نه‌وته‌كه‌یان بده‌ینێ یاخود ئازادی ئابوری خۆمانمان هه‌یه‌ و وه‌خۆمان نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشین و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێده‌ده‌ین ده‌ركه‌وت كه‌ له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوین وه‌ نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ جێ به‌جێ بكه‌ین، بۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ هاوڵاتیان كه‌وا ئه‌م كێشانه‌ بزانن كه‌ 2020 بۆ ئێمه‌ی نوێنه‌رانی كورد زۆر زۆر قورس ده‌بێت كه‌ بتوانین ئه‌و ئیستحقاقانه‌ی كه‌ هی گه‌لی كورده‌ له‌به‌غداد ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت."

بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان لە دیکدارێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، ئێمه‌ ئێستا به‌داخه‌وه‌ له‌ شوێنێكداین كه‌ته‌نها هاواری موچه‌ ده‌كه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌رێم به‌شێوازێك بووه‌ كه‌ ئه‌وانی تر هه‌مووی په‌راوێز خراون ئێمه‌ ناتوانین شه‌ڕی ئه‌وانه‌ بكه‌ین تا موچه‌ له‌ مه‌ترسیدا بێت واته‌ هه‌موو خه‌وی ئێمه‌ بووه‌ به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی ڕه‌وای ئابوری په‌یڕه‌و بكه‌ین به‌سیاسه‌ته‌كانی خۆماندا به‌رامبه‌ر به‌غداد بچینه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌توانین زۆر مافی تر كه‌ لای به‌غداد هه‌یه‌ ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین بۆ نمونه‌ له‌ به‌شی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌رێمی كوردستان له‌ ماسته‌ر و دكتۆرا به‌شی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام هیچ له‌وانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆیه‌ هیوادارین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌ به‌ته‌نها خه‌می موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی نه‌بێت به‌ڵكو خه‌می وه‌رگرتنی ئه‌و مافانه‌ی تر و پاره‌ی جوتیارانیشی بێت."

363 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations