لوتكەیەك لە ناو ئاگری شەڕدا

24.08.2019

لڤین: سەنگەر سەیدقادر
ئەمڕۆ لەشاری بیارێتزی فەرەنسا یەكێك لە گرنگترین كۆبونەوە و لوتكەكانی جیهان دەست پێدەكات و جگە لە سەركردەی ٨ وڵاتە گەورە پیشەسازیەكەی جیهان و ٥ سەرۆكی وڵاتان دیكە بەشداری لە خولی ٤٥ لوتكەی G7 دەكەن  

-ئەندامانی لوتكەی G7 كێن؟ 

لوتكەی وڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورەی جیهان  G7 بۆیەكەمینجار لەساڵی ١٩٧٥ لە دوای قەیرانی ئابوری دارای جیهان و قوڵبونەوەی ململانێكانی جەنگی سارد و قەیرانی نەبوونی سوتەمەنی بەهۆی بایكۆتی هەناردەكردنی نەوتەوە  لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە  بۆ ئەوروپا لوتكەی شەش وڵاتە پیشەسازیەكەی جیهان بە بەشداری ( ئەمەریكا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و یابان) دامەزراو دواتر كەنەداش بوو بە ئەندامی لوتكەكە، ساڵی ١٩٩٨ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت بوو بە ئەندامی لوتكەكە و ناونراG8 ، بەڵام دوای ٢٠ ئەندامێتی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی كێشەی ئۆكرانیاوە ڕوسیا لە لوتكەكە دەركرا.

- لوتكەیەك لەناو ئاگری شەڕدا: 

كۆبونەوەی لوتكەی G7 لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە جیهان گیرۆدەی دەیان كێشەی گەورورەیە كەلە مێژووی ٢٠٠ ساڵی ڕابردودا هاوشیوەی نەبوە لەوانە ( جەنگی ئابوری چین و ئەمەریكا و جەنگی پرجەكردنی سوپا لە نێوان ڕوسیا و ئەمەریكا و ناكۆكی ئێران و ئەمەریكا و شەڕی یەمەن و سوریا و لیبیا و مەترسی داڕمانی ئابوری جیهان و كێشەی ئەوروپا و بەریتانیا و كێشەی كوریا و خۆپیشاندانەكانی هۆنگ كۆنگ و چەندان كێشەی  تر كە جیهانی خستوە بەردەم مەترسی جەنگێكی جیهانی ڕانەگەیەنراو)

- ئەجندای لوتكەی G7 چیە ؟
لە لوتكەی G7 گرنگترین ئەو پرسانەی باس دەكرێن بریتن لە:
١-پرسی ئاشتی جیهانی و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیەكانی جیهان و شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی بازرگانی جیهان
٢- پرسی نایەكسانی لە دابەشكردنی داهات و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دابەشكردنی سامان بە شێوەی داد پەروەرانە لە پێناو كەمكردنەوەی هەژاریدا
٣- ڕەخساندنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەی بۆ تەواوی جیهان. بە جۆرێك كە ڕێژەی مردن و نەخوێندەواری و بڵاو بونەوەی نەخۆشیە گواستراوە و درێژخایەنەكان كەمبكرێتەوە
٤- پرسی پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی و مەترسی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و دیاردەی بەبیابان بوون و تێكچوونی هاوسەنگی ژێنگەی زەریاكان
٥- پرسی بەكارهێنان و سود بینین لە پێشكەوتنە تەكنەلۆژیەكان بە شێوەیەكی ئەخلاقی و لە پێناو خۆش گوزەرانی مرۆڤایەتیدا
٦- پرسی كێشەكانی قاڕەی ئەفریقا و مامەڵەكردنێكی داد پەروەرانە لەگەڵ وڵاتانی هەژاری ئەفەریقادا

-كێشەكانی لوتكەی G7 :
ئەگەر چی لوتكەی G7 لوتكەیەكی گرنگە بەڵام ئەم لوتكەیە ڕووبەڕوی چەندین كێشە بوەتەوە لەوانە نەگەڕانەووی ڕوسیا بۆ نێوی ئەندامێتی وڵاتانی پیشەسازی جیهان كە بەهۆی كێشەی ئۆكرانیاوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە لوتكەكە دەركراوە، جگە لە ڕوسیا ڕێكخراو كۆمەڵە ژینگەیەكان وەك ناڕەزایەتیەك لەبەرامبەر مامەڵەی خراپی وڵاتانی پیشەسازی لەگەڵ ژینگەدا بایكۆتی لوتكە كەیان كردوە.

گرنگترین كێشەی لوتكەكە نەبوونی ئەنجامە كە لە ٤٤ خولی پێشوی لوتكەی G7 هیچ دەرئەمجامێكی ئەتۆی نەبووە، بەهۆی ناكۆكی قوڵی وڵاتانەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ هەژاری و نەخوێندەواری و دۆخی ئابوری جیهان و ژینگەی زەوی بەرەو خراپتر دەچێت بە جۆرێك جیهان لە جەنگێكی ڕانە گەیەنراوی جیهانیدایە و لەڕووی ژینگەیشەوە ئەمساڵ بەڕزترین پلەی گەرما لە مێژودا تۆمار كراوە و چاوەڕوان دەكرێت تاساڵی ٢٠٧٠ پلەی گەرمای هەندێك ناوچەی گۆی زەوی بگاتە ٦٥ پلەی سەدی.

237 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations