چەند بڕیارێکی لەبارەی گێچەڵکردنی سێکسی بە ژنان دەرکرا

23.08.2019

لڤین:

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق ڕایگەیاند، هێزه‌كانی پۆلیس له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا بونیان هەیە، بۆیە تیمه‌كانی پۆلیسیش ده‌توانن له‌دادگا ببنه‌ شایه‌ت به‌سه‌ر ئەو  گێچه‌ڵكارەی كه‌ ده‌ستگیری ده‌كرێت.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، به‌پشتبه‌ستن به‌بڕیارێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ژمارە ( ٣٣ )لە ساڵی ( ٢٠١٨ ) كه‌ بۆ رێگریكردن له‌ گێچه‌ڵپێكردنی سێكسی دژی ژنان له‌نێو داموده‌زگا حكومی و شوێنه‌ گشتیه‌كان و به‌سزا گه‌یاندنی گێچه‌ڵكاران ده‌ری كردووه،  چه‌ند بڕیار و ڕێنماییه‌كی نوێی ده‌ركرد.

بە پێی نوسراوێک کە وێنەیەکی دەست ( لڤین ) کەوتوە، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق، لە بەرواری ( ٢١ / ٨ /٢٠١٩ ) دەریکردوە و واژووی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌، چەند بڕیاره‌كه‌یتێدایە به‌ناونیشانی چاره‌سه‌ركردنی دیارده‌ی گێچه‌ڵپێكردنی سێكسی دژ ژنان و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی دادگای ته‌میز و ده‌سته‌ی سه‌رپەر‌شتیاری دادوه‌ری و دادوه‌ری گشتی كراوه‌، تیایدا هاتوه" هێزه‌كانی پۆلیس له‌شوێنه‌ گشتیه‌كاندا بوونیان هه‌یه‌ بۆ چاودێریكردنی ڕوداوه‌كانی گچێه‌ڵپێكردن و ده‌ستگیركردنی ئه‌وانه‌ی گێچه‌ڵ به ژنان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ گچێه‌ڵكاردا بكرێت و تیمه‌كانی پۆلیسیش ده‌توانن له‌دادگا ببنه‌ شایه‌ت به‌سه‌ر ئەو  گێچه‌ڵكارەی كه‌ ده‌ستگیری ده‌كه‌ن".

لە نوسراوەکەدا، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق، روونیکردۆتەوە" له‌كاتی گچێه‌ڵكردنی سێكسی به ژنانی فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت ئه‌ندامێكی مێینه‌ ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بێت كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گێچه‌ڵپێكردنی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ داده‌مه‌زرێت ئه‌وه‌ش به‌پێی ماده‌ی ( ١٠ ) له‌یاسای رێكاری كاروباره‌كانی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و كه‌رتی گشتی ساڵی ( ١٩٩١ )".
هەروەها ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری داوایەک لە میدیاکان دەکات و داوادەکات" میدیاكان هاوكاریان بكه‌ن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی پۆسته‌ری تایبه‌ت به‌هۆشیاری له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ و جۆری  ئەو سزایانەی كه‌ڕووبه‌ڕووی گێچه‌ڵكار ده‌كرێته‌وه‌".

هاوكات ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق داوای كردووه‌" چه‌ند یاسایه‌كی تر له‌وانه‌ یاسای كاری ساڵی ( ٢٠١٥ ) كه‌ تیایدا ڕێگری له‌ ڕودانی گێچه‌ڵكردن به‌و كه‌سانه‌ ده‌كات به‌دوای كار ده‌گه‌ڕێن یاخود فه‌رمانبه‌رن، كارا بكرێنه‌وه‌".

جێگەی ئاماژە پێدانە، دیارده‌ی گێچه‌ڵپێكردنی سێكسی دژ به‌ ژنان جیهانییه‌ و له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا به‌ڕێژه‌ی جیاجیا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام وڵاتانی پێشكه‌وتوو توندترین سزایان بۆ كه‌سی تۆمه‌تبار داناوه‌، و به‌سه‌ریشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌هه‌رێمی كوردستانیش ده‌مێكه‌ میدیاكان باس له‌بوونی دیارده‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هیچ یاسایه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

 

 

1879 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations