دابەشکردنی مووچە ڕاگیرا

20.08.2019

لڤین:

بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی ڕایگەیاندوە، هەرچەندە دوێنێ مووچەی وەزارەتی داد دابەشکرا، بەڵام ئەمڕۆ ( سێ شەممە )، بەهۆکارێکی نادیار دابەشکردنی مووچە ڕاگیرا.

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ (سێ شەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠١٩ ) مووچەی مانگی ( ٥ی ٢٠١٩ ) وەزارەتێک دابەشبکرێت، بەڵام بە هۆکارێکی نەزانراو، وەزارەتی دارای هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی مووچەی راگرت.

حەسەن ڕەشید، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە" هەرچەندە دوێنێ مووچەی وەزارەتی داد دابەشکرا، بەڵام ئەمڕۆ ( سێ شەممە ) بەهۆکارێکی نەزانراو دابەشکردنی مووچە ڕاگیرا".
سەبارەت بە کاتی دەست پیکردنەوەی دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەت و دەستانەی کە ماوە، بەڕێوبەرەکە ئاشکرای کردووە" تائێستا لە وەزارەتی داراییەوە هیچ ڕێنماییەکیان بۆ نەچووە و نازانن کەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێتەوە".

بەپێی هەندێک زانیاری وەزارەتی دارای هەرێمی کوردستان، پارەی پێویستی لەبەر دەستدا نییە بۆ دابەشکردنی مووچە و چاوەڕوانی ناردنی پارەکەی بەغدا دەکات.

سەبارەت بە ناردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن عێراقەوە، ئەمرۆ ( سێ شەممە )، (ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق )، ئاشکرای کردوە" ماوەی سێ مانگە لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە لەدوای ( ٢٠ )ی مانگەوە ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بیخاتە سەر حسابی حكومەتی هەرێم دەیخاتە سەر حساب بانكی هەرێم، ئەمەش بەبەراورد بە مانگەكانی سەرەتای ساڵ چەند رۆژێك ناردنی پارەكە دواكەوتوو هیچ كێشەیەكیش لەناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم نییە".

هەروەها ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، ڕایگەیاندوە" لەزووترین کاتدا مووچە دەگاتە هەولێر". 

5158 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations