سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کۆبوونەوە

20.08.2019

لڤین:

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ،لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا خاتوو ئەنگرێت کرامب کارنباوەر و شاندی یاوەری.

 ئەمڕۆ ( سێ شەممە ٢٠١٩/٨/٢٠ )، سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا خاتوو ئەنگرێت کرامب کارنباوەر و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا" سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیھان کردەوە بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر، ھاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە ئاڵۆزی و قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگای گفتوگۆی جددیەوە کۆتایی پێی بھێنرێت".

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، پەرۆشی عێراقی بۆ بەھێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا لە گشت بوارەکاندا دەربڕی، بەجۆرێک کە خزمەتی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات، ھاوکات ڕۆڵی ئەڵمانیای لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و پشتیوانی عێراقی لە ئاوەدانکردنەوە و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان بەرز نرخاند.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەی دا بە گرنگی فراوانکردنی ھاریکاری سەربازی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ بەھێزکردنی توانا سەربازییەکانی عێراق بۆ لە ناوبردنی تێرۆر.

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، دووپاتی پشتیوانی وڵاتەکەی لە سەقامگیری عێراق کردەوە، ھاوکات ئەو سەرکەوتنانەی کە ھێزەکانی عێراق بەدەستیان ھێناوە دژ بە تیرۆریستانی داعش بەرزنرخاند، ھەروەھا جەختی لە پەرۆشی ئەڵمانیا کردەوە بۆ فراوانکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە گشت بوارەکاندا.

241 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations