محەمەد كیانی: مستەفای سەید قادر جاسوسی بەسەر قوباد تاڵەبانیەوە كردووە

18.08.2019

لڤین: 

پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕان ئاشكرای دەكات كە وەزیری پێشووی پێشمەرگە جاسوسی لەسەر جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە و بەو هۆیەوە بارزانی بۆ ماوەی شەش مانگ قسەی لەگەڵ نەكردووە. 

محەمەد كیانی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، رایگەیاند: شەرمەزاریە بۆ گۆران جێگری سەرۆكی هەرێم پارتی دیاری بكات. 
ناوبراو لە پۆستێكیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، رەخنە لە دیاری كردنی مستەفای سەید قادر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەگرێت و پێیوایە ئەو كاندیدەی گۆڕان "كۆیلەی" پارتیە.

لە وەڵامی كۆمێنتی هەڵسوڕاوێكی گۆڕانیشدا لەسەر ئەو پۆستە كیانی دەڵێت: من ئاگادارم لە دوای چواری ئاب كاك نەوشیروان لای من وتی كردوومە بە وەزیری پێشمەرگە تا هێزی چەكدار بكاتەوە یەك "كەچی بوەتە پیاوی مەسعود بارزانی بە قسەی ئەو دەكات گوێ لە من ناگرێ".

پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان وردەكاری تریش باس دەكات و دەڵێت "مستەشاری ئەمنی وەتەنی بەغدا وتی ئەم وەزیرە یان بەردەستی مەسعودە ئاگای لەو چەكانە نییە دەدرێتە هەرێم". 

ئەو رەخنە لەوەش دەگرێت كە ئەو كاتە وەزیری پێشمەرگە هیچ چەك و تەقەمەنیەكی نەداوەتە هێزەكانی پەكەكە و دەڵێت "هەمو برادەرانی مەكۆی هەولێر ئاگادارن دەی وت بە پارێزگارم وتیە تەقەمەنیان بداتێ".

ئەو ئاشكراشیدەكات لەو كاتەدا "حەیدەر شەشۆ داوای لە مستەفا كرد فەوجێكی بۆ دامەزرێنێ نەیوێرا و لە هەمان كات پێنج لیوای بۆ مەسعود دامەزراند لە هەمان كات. مستەفا جاسوسی لەسەر قوباد تالەبانیش كردبوو بۆ مەسعود بارزانی كە زانیبوی قوباد هەندێ چەكی داوەتە قەندیل. مەسعود شەش مانگ قسەی لەگەڵ قوباد نەكرد. واز لەو قسانە بێنن، كە زانیمان گۆڕان لە هێزی گۆڕانكاری بووە هێزی چەواشە بەچێمان هێشت".



7277 جار بینراوە

زیاتر

copyright 2019, All Rights Reserved Developed by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations